zagros news agency

ڕێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: كارا نه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و لاوازبوونی میكانیزمی چاودێری

 

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی کرد کە درێژبوونەوەی کارا نەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی چوارچێوەی یاسایی هەرێم هەیە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون، جەخت لەسەر پێویستی دەرچوونی یاسا و هەموارکردنەوەی یاساکان دەکەنەوە. بەپێی وتەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمان وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دەرچوونی یاسا و چاودێریکردن لە جێبەجێکردنیان، بۆیە نەبوونی پەرلەمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

د. زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەیەک لە ڕاسپاردەکان هێشتا چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانن، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە دەرچوونی یاسا نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا هەنووکەییەکانەوە هەیە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر گرنگی پەسەندکردنی ژمارەیەک لە یاسا و پرۆژە یاسا سەرەکییەکان کردەوە کە پەیوەندیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، پاراستنی مافەکانی منداڵ، بیمەی تەندروستی و چاکسازییە یاساییەکانەوە هەیە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی کرد کە کەمبوونی چالاکی یاسادانان دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی، کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان و لاوازبوونی میکانیزمەکانی چاودێری و دادپەروەری. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە چالاککردنەوەی پەرلەمان و دانانی پلانێکی یاسادانان بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی یاسا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت گەیشتە بەغدا

سەڵاح

ڕووسیا كوشتنی نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار سه‌ربازیی ئۆكراینای له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ڕاگه‌یاند

سەڵاح

فوئاد حوسێن لەگەڵ بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا له بەغدا لەسەر پرسی مووچه و نەوت کۆبووەوه

سەڵاح