وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە دواین ئاماری خۆیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای پەرەسەندنی گرژییەکان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی لە 2ی ئاداری ڕابردووەوە، تا ئێستا 3 هەزار و 912 کەس کوژراون و 11 هەزار و 872 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای هەبوونی “ڕێککەوتنی ئاشتی” لە نێوان ئێران و ئەمریکا کە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام شەڕ و پێکدادانەکان بە تەواوی نەوەستاون. سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان چڕتر کردووەتەوە و لە دوایین هێرشیشدا بەرزاییەکانی “عەلی تاهیر”ی بۆردومان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان کردەوە و ڕایگەیاند:
”ئێمە ئاسایش بۆ ناوچەکانی باکوور دەگەڕێنینەوە، ئەمەش پێویستی بە پاراستنی ناوچەی ئەمنی هەیە لەناو خاکی لوبناندا و نابێت لەوێ بکشێینەوە.”
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووبەڕووی تەحەدای زیاتر دەبنەوە کە پێویستی بە دەستگرتن بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و پاراستنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانیاندا.
هەر ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی لە ناوچەیەکی ئەمنیدا کاردەکەن کە بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر دەچێتە ناو خاکی باشووری لوبنانەوە. ئەم پێشڕەوییە لە کاتێکدایە کە بەپێی بەندەکانی ڕێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، دەبوو سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بە خێرایی ڕابگیرێن.
هاوکات، ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، کە تەلئەڤیڤ لەگەڵ واشنتن لە گفتوگۆدایە بۆ ڕێگەپێدان بە بەردەوامی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە باشووری لوبنان.

