سەرچاوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ پەردەیان لەسەر پشت پەردەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ماڵی شیعە لادا، کە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی بەڕێوەچوو.
گرنگترین بڕیار و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بەگوێرەی سەرچاوەیەک بۆ شەفەق نیوز ئەمانه بوون:
دەسەڵاتی دیاریکردنی وەزیرەکان: هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتیان بە سەرۆکوەزیران بەخشی بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری وەزارەتە جێناکۆکەکان (بەرگری، ناوخۆ، خوێندنی باڵا، و پلاندانان). زەیدی و تیمەکەی دەست دەکەن بە پێداچوونەوەی سیڤی ئەو کەسانەی کە سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی یان گرووپێکی چەکدار نین.
دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ: بۆ ڕازیکردنی هەندێک لایەن، ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی “وەزارەتی گەشتوگوزار” کرا کە دەدرێتە یەکێک لە کوتلەکانی (النهج الوطني یان الخدمات) بەپێی ئەوەی کامیان کورسیی پەرلەمانیی زیاترە.
کۆنترۆڵکردنی چەک: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان (سلاح الفصائل) بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو و خشتەیەکی کاتی.
مەلەفی نێردراوی ئەمریکا و سەردانی واشنتن: تاووتوێی پێشنیارەکانی نێردراوی ئەمریکا “تۆم باڕاک” کرا، بەتایبەت لەسەر هاوبەشیی ئابووری بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا و وزە. بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی وەرەقەی گرەنتی بۆ بەرژەوەندیی عێراق پێکبهێنرێت. هەروەها باسی دابینکردنی سیستمی ڕادار و چەکی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق کرا، کە ئەگەر هێزەکان لەسەری ڕێکبکەون، سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن زۆر گرنگ دەبێت.

