لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی 9یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان، زانکۆی سۆران بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی و ستافی زانکۆکە، تەواوی دۆسیە و زانیارییە کارگێڕییەکانی گواستەوە بۆ سەر سیستمی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی کاغەزی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا بە تەواوی ڕاگرت.
ڕێکار نیعمەت، بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆی سۆران ڕایگەیاند کە سیستمەکە بەپێی خواستی زانکۆکە و بە ڕێنمایی ئەنجوومەنی زانکۆ پەرەی پێدراوە، ئەمەش کارئاسانییەکی گەورەی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و خێراکردنی کارەکان کردووە. سیستمەکە لە ڕێگەی نەرمەکاڵایەکی تایبەتەوە لە ئامێرە زیرەکەکاندا بەردەستە، کە ڕێگە بە قوتابییان دەدات بە ئاسانی و تەنیا لە ڕێگەی ئیمەیڵی زانکۆوە، لە کەمترین کاتدا دەستیان بە تەواوی دۆسیە و زانیارییە ئەکادیمییەکانیان بگات.
لەلایەکی دیکەوە، د. ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ ئەم پڕۆژەیەی بە وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە مێژووی زانکۆکەدا وەسف کرد، کە ئامانجی سەرەکی لێی دابینکردنی خێرایی، ڕوونی و شەفافییەتە لە گەیاندنی زانیارییەکاندا.

