کۆنفرانسی ساڵانەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا ئەمساڵ لە شاری گدانسک لە پۆڵەندا، بە بەشداریی شاندی ٥٠ وڵات بەڕێوە دەچێت. غایبی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینایە، کە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێیدا بەشدار نییە.
لە دەستپێکی هێرشەکانی ڕووسیاوە، ئەم کۆنفرانسە ساڵانە لە وڵاتانی جیاواز بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵ حکوومەتی پۆڵەندا میوانداریی کۆنفرانسەکە دەکات و بڕیارە زیاتر لە ٢٠٠ ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا واژۆ بکرێن. سەرەڕای ئەمەش، پەیوەندییەکانی وارشۆ و کیێڤ لە خراپترین ئاستدان.
ئاڵۆزییەکان کاتێک دەستیان پێ کرد، ئاندرێ دودا، سەرۆککۆماری پۆڵەندا، بڕیاری دا نیشانەی “هەڵۆی سپی” لە زێلێنسکی وەربگرێتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات زێلێنسکی نازناوی “پاڵەوان”ی بەخشییە یەکەیەکی سەربازیی ئۆکراینی (UPA)، کە لە مێژووی پۆڵەندادا بە بەرپرسیار لە کوشتنی ١٠٠ هەزار پۆڵەندی لە ساڵانی ١٩٤٣ تا ١٩٤٥ دەناسرێت.
بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە، یولیا اسویریدنکو، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات. دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، لە کۆنفرانسەکەدا گوتی، بەردەوامیی هاوکارییەکان لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بانکی جیهانی، ئۆکراینا دوای چوار ساڵ شەڕ، بۆ ئاوەدانکردنەوە پێویستی بە ٥٠٠ ملیار یۆرۆ هەیە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

