هونەری تورکی یەکێک لە دیارترین سیما ناسراوەکانی خۆی لەدەستدا، دوای ئەوەی هونەرمەند قادر ئینانیر لە تەمەنی 77 ساڵیدا، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی کۆچی دوایی کرد.
قادر ئینانیر تووشی نەخۆشییەکی توند ببوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و خرایە ژێر چاودێری چڕ، دوای ئەوەی تووشی هەوکردنی توندی سییەکان بوو، لەگەڵ چەندین کێشەی تەندروستی دیکە کە ماوەیەکی درێژ بوو چارەسەری بۆ وەردەگرت.
پزیشکەکان ڕایانگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخی هەناسەدانی، ناچاربوون ئامێری پشتگیری هەناسەدانی بۆ دابنێن، بەڵام باری تەندروستی بەرەو خراپی چوو تا دواجار گیانی لەدەستدا.
جولیدە قورال، هاوژینی هونەرمەندەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە وەرەمێک لە سییەکانیدا هەبووە و لە پشت نیشانەکانی هەوکردنی سییەکانەوە شارابووەوە.
پڕۆفیسۆر ڕەزا باران، پزیشکی چارەسەرکار ئاشکرای کرد، دۆخی هونەرمەندەکە پێویستی بە چاودێرییەکی وردی ناو چاودێری چڕ هەبوو بەهۆی ئاڵۆزیی نیشانەکانی و تێکچوونی باری تەندروستی پێش ئەوەی گیانلەدەستدانی ڕابگەیەنرێت.
کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە شەپۆلێکی گەورەی خەمباری لە ناوەندە هونەرییەکاندا دروستکرد و هونەرمەندان باسیان لە مێژووە درێژەکەی لە سینەمای تورکیدا کرد.

