zagros news agency

ریفراندۆم؛ هاوارى مێژوو لە گەرووى ئێستا و داهاتووماندا

د. شەهرام عەلی کەژۆ

رێفراندۆم رێگایەکى مەدەنی و سەردەمییانە بوو لە درێژەى خەباتى دوورودرێژى کورد لەپێناوى شکۆمەندى و سەرفرازى کوردستان. ئێمە بە رێفراندۆم بە دنیامان گوت، نە لە میژووى دووردرێژى خوێناویمان لەپێناوى سەربەخۆیى دادەبڕێن، نە ئەوەندەش عاشقى شەڕین کە پێمانوابێ تەنیا دەبێ بە شەڕ بەدواى ئامانجەکانمان بکەوین. پێمان گوتن ئەگەر لە میژووشدا پەنامان بۆ شەڕ بردووە، بەسەرماندا سەپێنراوە، کە دواجار لە نێوان ملکەچکردنى ئیرادە لە لایەک و شەڕ لە لایەکى ترەوە، بە بێ دوودڵی شەڕمان هەڵبژاردووە…

وتار و قسە نەفەسکورت و نەشازەکانی دژ بە ریفراندۆم هەرچییەک بن، قەت ناتوانن شان لە شانى رەوایەتى و مەزنیى داواو خواستى لەمێژینەى ئەم نەتەوەیە بدەن کە لە پرسیارێکى زۆر سادە بەڵام جەوهەرى و گرنگ لە رێفراندۆمدا خرایەڕوو و دواجار دەنگى “بەڵێ”ى ٩٢٫٧٣% خەڵکى کوردستانى وەرگرت، پرسیارێک کە لە رابردوودا هەر لە مێشکماندا بووە و ئێستا و داهاتووش هەروا دەبێ.

“ئایا دەتەوێ ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟”

لە لایەکى ترەوە، رێفراندۆم بانگەوازێک بوو بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئەو ناسنامە هاوبەشەى کە پێش هەموو ناو و ناونیشانێک هەمانە کە ئەویش کوردستانى بوونە. ئەو کوردستانەش کە لە رێفراندۆمدا داوامان کرد، نیشتمانێک بوو بۆ هەموو ئەوانەى خۆیان بە هی ئەم خاکە دەزانن، بە هەموو جیاوازییە نەتەوەیى و ئایینییەکانیانەوە. کورد و تورکمان و عەرەب و ئاشوورى و کلدانى، موسڵمان و مەسیحى و ئێزدى، هەموویان دەبوو خۆیان لە داهاتووى ئەو نیشتمانەدا ببیننەوە. چ شکۆیەک لەوە گەورەترە کە مرۆڤ لەسەر خاکى خۆى، بێ ترس لە ناو و زمان و باوەڕى خۆى بژى، نەتەوەیەک کە تاڵیى نکۆڵیکردن لە ناسنامەى خۆى چێشتووە، جوانترین وەڵامى ئەو ئازارەى ئەوەیە نیشتمانێک بخوازێت کە هیچکەس تێیدا هەست بە نامۆیى نەکات.

لە گەل هەموو ئەمانەدا، رێفراندۆم پرسیارێکى گرنگى لەبەردەم خودى ئێمەش دانا، تا چەندە توانامان هەیە لە پرسە چارەنووسسازەکاندا لە تەسکەبازنەى ملمڵانێى حیزبى دەربچین و بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە مامەڵە بکەین؟ جیاوازى لە بۆچوون و بەرنامەدا سروشتییە، بەڵام کاتێک باس لە پێگە و چارەنووسى کوردستان دەکرێت، پێویستە سنوورێک هەبێ کە ناکۆکییەکانمان لێى تێنەپەڕن. چونکە هیچ لایەنێک لە لاوازبوونى پێگەى گشتیى کوردستاندا بەهێز نابێت، ئەوەى ئەمڕۆ بە حسابى بردنەوە بەسەر رکابەرێکدا دەنووسرێت، دەکرێ سبەى ببێتە زیانێک کە هەموومان باجەکەى بدەین.

لەم یادە مەزنەدا، سڵاو دەنێرین بۆ خەڵکى سەربەرزى کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو ئەوانەى کە ئەم رۆژە مێژووییەیان خوڵقاند؛ لە پێشەنگى هەموویانەوە سەرۆکى خۆشەویستمان سەرۆک “مەسعود بارزانى”، کە وەک ئەندازیارى رێفراندۆم و سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم، نوێنەرایەتى رۆحى شکۆمەند و ئیرادەى لەشکاننەهاتووى کوردستانى کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

خودناسیی ئافرەت: کلیلی دەرگای مافەکان و بناغەی ڕزگاری

دڵشاد

ڕزگار عیسا كۆچه‌ر بۆ زاگرۆس: له‌سه‌ر ئاستی عێراق دهۆك یه‌كه‌م شاره‌ كه‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی گوله‌نه‌بری به‌ ستانداری جیهانی دروستكردووه‌

سەڵاح

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان دەکات

سەڵاح