وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریی وەزارەتی پەروەردە و بۆ ڕێگریکردن لە غەشکردن، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، کورتەنامە و نامەی وێنەیی لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکاندا دەبڕدرێت. ئەم بڕینە تەنیا لەو ڕۆژانەدا دەبێت کە لە خشتەی فەرمیدا دیاریکراون و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر، لە (٦:٣٠) تا (٧:٣٠)ی بەیانی بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سێ تاقیکردنەوەی یەکەمدا ئینتەرنێت نابڕدرێت.
سەرەڕای ئەم بڕیارە، وەزارەتەکە چەند شوێنێکی گرنگی وەک بێدەرپەڕاندن (استسناء) دەستنیشان کردووە کە بە چەند هۆکارێکی خزمەتگوزاری نابێت لە هیچ حاڵەتێکدا ئینتەرنێتیان لێ ببڕدرێت. ئەم شوێنانەش بریتین لە فڕۆکەخانەکان، بانکەکان، سەرجەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)، سەنتەری زانیاریی «هەژماری من» لە گەڕەکی ٣٢ی پارک، لەگەڵ داتا سەنتەری «پڕۆژەی ڕووناکی» و «پێوەری زیرەک».
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی وەزارەتەکە، دیلان ڕەشاد، داوای هاوکاری و پابەندبوونی لە کۆمپانیاکانی گەیاندن کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەپێی سنووری کارکردنی کۆمپانیاکان، لە داهاتوودا هەندێک شوێنی دیکەی پێویستیش ئاگادار دەکرێنەوە کە هێڵەکانیان لێ نەبڕدرێت بۆ ئەوەی کاروباری هاوڵاتییان پەکپەکەی تێنەکەوێت.

