zagros news agency

حسێن عارف چیرۆکنووس و نووسەری ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد

حسێن عارف، لێکۆڵەر، چیرۆک و ڕۆماننووسی ناسراوی کورد، لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ و نووسەر و ئەدیبانی کورد دەکات.

لە ماوەی ژیانیدا حسێن عارف، ناوێکی دیار و قەڵەمێکی سەنگینی بواری ئەدەب و ژانرەکانی ڕۆمان و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بوو، بەرهەمەکانی بۆ هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی بەهاداری مێژووی ئەدەبی کوردی بە گشتیی و چیرۆکی هونەری کوردی بە تایبەتی دەمێننەوە. گیانی شاد و یاد و یادگاری هەمیشە زیندوو بمێنن.

ناوی تەواوی حسێن عارفی کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی کوڕی محەممەد ئاغای کوڕی ئیسماعیل ئاغایە. باپیرە گەورەی دوای دامەزراندنی سلێمانی، لە (قەڵا چوالان) ەوە هاتۆتە ناو شارەوە. لە 1936 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.

زیاتر لە نیو سەدە قەڵەمەکەی لە خزمەتی ئەدەبی کورد و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا بووە و دەیان شاکاری بەچاپ گەیاندووە.

لە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کوردستاندا بەشدارییەکی کارای کردووە و لە دوای ڕاپەڕین ئەندامی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان بووە و لەو چوارچێوەیەدا بە هەڵوێستی نیشتمانیانەی دژ بە شەڕی ناوخۆ دەناسرێتەوە.

یەکێک بووە لە ئەدیبە دامەزرێنەرەکانی بزاوتی ڕوانگە و ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردی. هەروەها ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە.

لە ماوەی ژیانیدا وێڕای کارکردنی لە گۆڤارە کوردییەکاندا، زیاتر لە بیست بەرهەمی بەچاپ گەیاندووە، لە دیارترینیان:

شار، بەرگی یەکەم: 1986، بەرگی دووھەم: 2001؛ چای شیرین: سەرجەم چیڕۆکە کورتەکان، گەلە گورگ. چوار چیرۆک 1983، کۆکتێل 2005، تەمەنێک لە بندەستی، توێشووی سەفەرێکی سەخت، بیبلیۆگرافیای دوو ساڵەی تەمەنی کاروان 1982 – 1984، ئەندێشەی مرۆڤێک، ساڵێک لە تەمەن: بیرەوەری حسێن عارف، شانۆگەری جەنابی جانەوەر، قوتابخانەی شیعری تازە، ھێلانە، کڵافەیەک ژانی تووڕە.

هەروەها لە بواری لێکۆڵینەوەدا ژمارەیەک بەرهەمی بەچاپ گەیاندووە، لەوانە:

• چیڕۆکی ھونەریی کوردی

• بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی

• روانگە و یاران و نەیارانی

• لە کۆڕی خەباتا: چیرۆک لە بەرھەمی دوای شۆڕش

• نووسینەوەکانم لە بواری رەخنە و لێکۆڵینەوەدا ساڵانی 1955 – 1988.

هەواڵی پەیوەندیدار

یادەوەرییەکی تیمۆسی شالامێ و کریستۆفەر نۆلان

ART

ماریۆی بچووک داهاتێکی گەورە بەدەستدێنێت

ART

ڕێوڕەسمێك لە ساڵیادی کۆچی دوایی شێوەکار قەرەنی جەمیل بەڕێوەچوو

ART