جیهانی هونەر و کولتوور بەردەوام ڕووداوی نوێ و پڕ بایەخ بەخۆوە دەبینێت، تێیدا ڕابردوو و ئێستای ئەستێرەکان تێکەڵ دەبن. بەرهەمهێنەرانی پڕۆژە دۆکیومێنتارییەکان ڕایانگەیاند، زنجیرەیەکی نوێ لەبارەی ژیانی شازادە دایانا بە ناونیشانی “Diana: The Truth Never Heard Before” لە ساڵی 2027ـدا نمایش دەکەن.
هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێنان “Laugh Monday TV” و “Degrees Global 53” جەخت دەکەنەوە، ئەم کارە دۆکیومێنتارییە لەبارەی خێزانی شاهانەی بەریتانیا، کۆمەڵێک زانیاری ئاشکرا دەکات “بەیەکجاریی ئەو تێڕوانینە دەگۆڕێت کە جەماوەر بۆ دایانا هەیانبووە”.
بەرهەمهێنەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، “لێدوانە ڕاشکاوەکانی” وەک شازادەی پێشووی وێڵز “وێنەیەکی تەواوتر دەکێشێت: وێنەی ژنێک کە ڕووبەڕووی فشار دەبووەوە، پێناسەی ڕۆڵی خۆی دەکردەوە، و بە بڕوایەکی تەواوەوە بەرەو پێش دەچوو“.
ئەم تۆمارانە بۆ 1991 دەگەڕێنەوە، گفتوگۆی تایبەتی نێوان دایانا و هاوڕێی نزیکی، دکتۆر جەیمس کۆڵتەرز لەخۆ دەگرێت. تۆمارەکان بە نهێنی لە کۆشکی کێنسینگتۆن براونەتە دەرەوە، ئەو شوێنەی کە تێیدا لەگەڵ چارڵز دەژیا، و گەیەندراونەتە دەست نووسەر ئاندرۆ مۆرتۆن، کە بەشێکی لێ بەکارهێناون لە کتێبی “Diana: Her True Story”، کە لە 1992ـدا بڵاوکرایەوە.
لە ماوەی ئەو سێ دەیەیەی کە دوای مردنی دایانا تێپەڕیوە، کەمتر لە کاتژمێرێک لەم تۆمارانە بیستراوە، بەپێی ئەوەی بەرهەمهێنەران جەختی لێ دەکەنەوە،. لەم چاوپێکەوتنانەدا، “هەستی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە درەوشاوەکەی دەبیستین، لە کاتێکدا ڕاستییەکان لەبارەی ژیان لە ناو بەناوبانگترین خێزانی جیهاندا ئاشکرا دەکات”.
نهێنییەکانی شازادە دایانا و خێزانی شاهانە
بەرهەمهێنەران بەڵێن دەدەن، “بینەران بە ئاستی وردیی پێشبینییەکانی سەرسام دەبن”. دەشڵێن، “ئەوەی بە ڕاستی جێگەی سەرنجە، بیستنی ئەوەیە کە دایانا چی لەبارەی چارڵز، کامێلا، ویلیام، هاری، فێرگی و تەنانەت ئەندرۆ ماونتباتن-ویندسور بیردەکردەوە، لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەو شتانەی کە لەو کاتەوە ڕوویانداوە”.
هەروەها ئەم زنجیرەیە ڕای بازنە نزیکەکەی دایانا دەخاتە ڕوو، لەوانە ڕاوێژکاران و هاوڕێ نزیکەکانی، قژداهێنەرەکەی، پاسەوانە تایبەتەکەی و بەرپرسی ڕاگەیاندنەکەی.
دایانا لە 31ـی ئابی 1997، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لەژێر پردی ئالما لە پاریس کۆچی دوایی کرد، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن وێنەگرانی پاپاراتزییەوە ڕاوەدوو دەنرا.
لە دوای مردنییە تراژیدییەکەی، خێزانی شاهانەی بەریتانیا چەندین گۆڕانکارییان بەخۆوە بینی؛ پاشای ئێستا چارڵزی سێیەم لە 2005 هاوسەرگیری لەگەڵ کامێلا کرد، لە کاتێکدا شازادە هاری، کوڕە بچووکەکەی دایانا، تووشی ناکۆکی بوو لەگەڵ خێزانەکەی و لەگەڵ مێگان مارکڵی هاوسەری بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی کرد.
لەم دواییانەشدا، ئەندرۆ، برای بچووکی چارڵزی سێیەم، کەوتە ناو بازنەی ئابرووچوونەوە و نازناوەکانی لێسندرایەوە و بۆ ماوەیەکی کەم ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن بووەوە بەهۆی پەیوەندییەکانی بە تاوانباری سێکسی جێفری ئێپستین.

