zagros news agency

کۆڕێک بۆ ڕێزلێنان و تاوتێکردنی بەرهەمەکانی هونەرمەند دیاری قەرەداغی ڕێکدەخات

لە چوارچێوەی چالاکییە ڕۆشنبیری و هونەرییە بەردەوامەکانیدا، ئینستیتیوتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور، کۆڕێک بۆ هونەرمەند دیاری قەرەداغی لەژێر ناونیشانی “لە گۆرانیدا” ڕێکدەخات.

کۆڕەکە تیشک دەخاتە سەر بەهاکانی دەق، شوناس، بیرەوەری و جەنگی تاریکی لە کارە هونەرییەکانیدا، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی ئایاری ٢٠٢٦، کاتژمێر ٤:٣٠ی ئێوارە بەڕێوەبچێت.

دیاری قەرەداغی تەنیا گۆرانیبێژێک نییە، بەڵکو یەکێکە لەو دەنگ و سیمایە دیارانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، توانیویەتی پێگەیەکی تایبەت بە خۆی لە موزیک و گۆرانیی کوردی هاوچەرخدا بنیاد بنێت.

بە پێچەوانەی شەپۆلە بازرگانییەکان، بەرهەمەکانی دیاری قەرەداغی بەردەوام هەڵگری پەیامی قووڵی مرۆیی، نیشتمانی و کۆمەڵایەتین. ئەو گرنگییەکی بێوێنە بە دەق دەدات، تێیدا ڕەنگدانەوەی ئازارەکان، بیرەوەرییەکان و مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد دەبینرێت.

وەک لە ناونیشانی کۆڕەکەشدا ئاماژەی پێکراوە “جەنگی تاریکی”، هونەری ئەو بەردەوام ئامرازێک بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نائومێدی، شەڕ و تاریکپەرستی، و ڕێگەیەک بووە بۆ چاندنی هیوای گەش لە نێو دڵی بیسەراندا.

دیاری قەرەداغی لە ماوەی کاروانی هونەری خۆیدا چەندین ئەلبوم و کلیپی سەرکەوتووی بڵاوکردووەتەو، زۆربەیان بوونەتە بەشێک لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتی خەڵک وەک گۆرانییەکانی “ماڵئاوا”، “سەفەر” و چەندین کاری دیکە.

ئەم کۆڕەی ئینستیتیوتی داکۆ، دەرفەتێکە بۆ گەشتکردن بە ناو جیهانبینیی ئەم هونەرمەندە و شیکردنەوەی ئەو ڕەهەندە شاردراوانەی کە موزیکی ئەویان لەسەر بنیاد نراوە و نیشاندانی ڕێزێکە بۆ ئەو تەمەنەی کە لە پێناو بەرەوپێشبردنی کولتوور و هونەری کوردیدا بەخشیویەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

سەڵاح

ئیسرائیل سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەست هێرشی کردە سەر لوبنان

یاسین

ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

یاسین