کەتائیبی حیزبوڵڵا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە (محەمەد باقر سەعدی) کە دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ ئەمریکا، سەر بەوان نییە، لە هەمان کاتدا جەختیان کردەوە کە ژەنەراڵ دەیڤید بتراویس لە ڕێگەی “بڕیارە گەمژانەکانییەوە” و لە سەروویانەوە نوقمکردنی عێراق بە سەربازانی “داگیرکەر” لەو کاتەدا، بەشداربووە لە گۆڕینی بنکەکانیان بۆ (مەیدانی ڕاوکردنی مراوی).
بەرپرسی ئەمنیی کەتائیب “ئەبو موجاهید عەساف” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت و ئەو جوڵە ئەمریکی و ئیسرائیلییانەی هاوپێچیانن کە “ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەنە ئامانج”، “دوژمن” هێشتا هەوڵ دەدات بۆ پەرەپێدانێکی نوێ (تصعيد) دژی “بەرگری” و حەشدی شەعبی.
ئەوەشی زیادکرد، محەمەد باقر سەعدی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا نییە، و بە سەربەرزییەوە دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی چونکە یەکێکە لە “خۆشەویستانی بەرگری و لایەنگرانی”.
عەساف ڕوونی کردەوە، زۆربەی پڕۆسە سیخوڕییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئوردنەوە دەستپێدەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی کاری “دوژمنکارانە” لە ناو عێراقدا، و پێویستە حکومەتی عەممان لە خەو ڕابچڵەکێت، چونکە چیتر سەبرمان بەرەو نەمان دەچێت.
ئاماژەی بە بوونی زانیاری کرد بۆ بەئامانجگرتنێکی نوێی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر سەرکردەکانی “بەرگریی ئیسلامی” و حەشدی شەعبی، و هۆشداری دا کە هەر بەئامانجگرتنێکی ڕۆڵەکانی عێراق، وەڵامەکەی بۆ سەر ئەمریکییەکان دەبێت لە بوارە جیاوازەکاندا و ئەوان بەرپرسیارێتی تەواو هەڵدەگرن.
عەساف بەیاننامەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا و وتی: “ئەگەر نیتێک هەبێت بۆ گەڕانەوەی بتراویس بۆ عێراق، ئەوا پێمان وایە ئەوە هەلێکمان پێ دەبەخشێت بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی زیاتر”.
شایەنی باسە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI)، ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەستگیرکردنی محەمەد باقر داود سەعدی ڕاگەیاندبوو، بە تۆمەتی داڕشتنی ٢٠ هێرش کە بە “تیرۆریستی” وەسفکرابوون لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی، جگە لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە جوولەکەکانی ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان.

