گرووپی شانۆی هەوار توانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “شەوانی ئوفیر” بۆ شانۆی دیۆدراما کە لە شاری سەڵاڵەی سوڵتاننشینی عومان بەڕێوەچوو، دیۆدرامای “سەلمە” وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری کرد و توانی لە کۆی شەش خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە، چوار خەڵات مسۆگەر بکات.
ئەم بەرهەمە هونەرییە کە بە سپۆنسەری “فیدراسیۆنی جیهانی کورد” ئەنجامدراوە، توانی سەرنجی لیژنەی دادوەران و ئامادەبووان ڕابکێشێت و خەڵاتی “باشترین نمایشی تەواو” بەدەستبهێنێت.
هەروەها هونەرمەند نەژاد نەجم دەرهێنەری بەرهمەکە، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێبەخشرا و هەریەک لە ئەکتەران هەوار فارس لە کوردستان و ئۆغێرلی ئەمپێرت لە فەڕەنسا بە هاوبەشی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچیان بردەوە کە لەم بەرهەمەدا رۆڵیان گێڕاوە.
گرووپی شانۆی هەوار و ستافی کارەکە، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەیان وەک وەفایەک پێشکەش بە ڕۆحی ڕاگەیاندنکاری کۆچکردوو هەڵکەوت عەزیز کرد.
دیۆدرامای “سەلمە” لە نووسینی د. دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجم بوو، تێیدا هەوار فارس و ئۆغێرلی ئەمپێرت ڕۆڵی سەرەکییان تێدا دەگێڕا.
ستافی پشت پەردەی ئەم سەرکەوتنەش پێکهاتبوون لە د. مونتەها تاریق وەک بەڕێوەبەری گرووپ، بەرهەم یاسین وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و دیکۆر، و عەلی ئاراس وەک بەڕێوەبەری بەرهەم و ڕاگەیاندن کارین کردووە.

