پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد؛ بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ تەواوی گەنمی جووتیاران بەبێ جیاوازی وەردەگیرێت. هاوکات پرۆسەکە کراوەتە ئەلیکترۆنی تاوەکو ڕێگری لە دروستبوونی جەنجاڵی و نۆرەگرتنی درێژ لەبەردەم سایلۆکاندا بکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکاندا وەردەگیرێت. ناوبراو ئاشکرای کرد کە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی فەرمی پێکهێنراوە تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، تەواوی ئەو بڕە گەنمەی لە دەرەوەی پرۆسەکە دەمێنێتەوە بە تەواوی لە جووتیاران بکڕدرێتەوە و هیچ بەرهەمێک بە بێبازاڕی نەمێنێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی، نرخەکانی وەرگرتنی 400 هەزار تۆن گەنمی دیاریکراو بەمشێوەیە دەبێت:
گەنمی نێو پلان: بڕی 292 هەزار تۆنە و بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە جووتیاران وەردەگیرێت.
گەنمی دەرەوەی پلان: بڕی 108 هەزار تۆنە و بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت.

