سەرچاوەکان لە هاوپەیمانێتی “ئۆپێک پڵەس” ئاشکرایان کرد کە بەرهەمهێنەرە گەورەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئامانجەکانی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی تەممووزی داهاتوو زیاد بکەن، سەرەڕای بەردەوامیی شڵەژانی دابینکردنی نەوت کە بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمزەوە دروستبووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە، چاوەڕوان دەکرێت حەوت دەوڵەتی سەرەکی لە هاوپەیمانێتییەکەدا، کە عێراق، سعوودیە، کوێت و ڕووسیایان لەناودایە، لە ماوەی کۆبوونەوەی بڕیار لێدراویاندا لە حەوتی حوزەیرانی داهاتوودا، ڕەزامەندی نیشان بدەن لەسەر زیادکردنێکی نوێ لە بەرهەمهێناندا بە بڕی نزیکەی ١٨٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم زیادکردنە دەبێتە چوارەمین زیادکردن لەسەر یەک لە دوای مانگی نیسانەوە، سەرەڕای ئەوەی کاریگەریی ڕاستەقینەی بە سنوورداری دەمێنێتەوە بەهۆی بەردەوامیی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کە لە دەرئەنجامی گرژییە هەرێمییەکان و شەڕی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە هاتووەتە ئاراوە.
“ڕۆیتەرز” ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرهەمهێنانی ئۆپێک لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی توند پاشەکشەی کردووە، ئەمەش دوای دابەزینی هەناردەی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت عێراق، سعوودیە و کوێت، کە لە دیارترین ئەو بەرهەمهێنەرانە ئەژمار دەکرێن کە توانای زیادکردنی دابینکردنی نەوتیان لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا هەیە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دا لە چوونە ناوەوەی بازاڕی نەوت بۆ “ناوچەی سوور” لە ماوەی هەردوو مانگی تەممووز و ئابی داهاتوودا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی داواکاریی هاوینە و دابەزینی کۆگاکانی جیهان و بەردەوامیی پەککەوتنی دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

