zagros news agency

توێژینەوەیەک: تیشکی خۆری هاوین بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی ڤیتامین D

 

زۆر کەس پێیان وایە بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە وەرزی هاویندا بەسە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی ڤیتامین D، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە تیشکی خۆر بە تەنیا ڕەنگە بەس نەبێت بۆ هەندێک لەو گرووپانەی کە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبنەوە، تەنانەت لە مانگەکانی هاوینیشدا.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی Prevention بڵاوی کردووەتەوە، پشتبەستن بە توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی (European Journal of Clinical Nutrition)دا بڵاوکراوەتەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی زۆر لە بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی پێستیان تۆخە، ئاستی ڤیتامین D لە جەستەیاندا بە نزمی ماوەتەوە سەرەڕای هاتنی وەرزی هاوین، ئەمەش نیشان دەدات کە پشتبەستن بە خۆر بە تەنیا بۆ هەموو کەسێک بەس نییە.
توێژینەوەکە نزیکەی 300 کەسی لەو گرووپانە گرتووەتەوە کە زیاتر لەژێر مەترسیی کەمیی ڤیتامین D دان، و ئەنجامەکان ئەمانەی خوارەوەیان دەرخستووە:
-%55ی بەساڵاچووان بەدەست کەمیی ڤیتامین Dوە دەیناڵاند.
%72ی خاوەن پێستە تۆخەکان ئاستی ڤیتامینەکەیان لە هاویندا بە نزمی مابووەوە.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە چوونە تەمەن، زیادبوونی ڕەنگدانەی میلانین لە پێستدا و کەمیی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر، هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی توانای جەستە لە بەرهەمهێنانی ڤیتامین D. بەپێی وتەی شارەزایان، بەرهەمهێنانی ڤیتامین D بەستراوەتەوە بە چەندین هۆکارەوە، لەوانە: ماوەی بەرکەوتنی خۆر، کاتی بەرکەوتنەکە، ڕووبەری پێستی دەرکەوتوو، ڕەنگی پێست، تەمەن، بەکارهێنانی دژەخۆر، شوێنی نیشتەجێبوون و خەستیی تیشکی سەروو بنەوشەیی. هەر بۆیە ڕەنگە هەندێک کەس بڕی پێویستی ڤیتامینەکە بەدەست نەهێنن تەنانەت لە هاوینیشدا.
ناوەندی تەندروستیی مەکۆی مایۆ (Mayo Clinic) ڕوونی دەکاتەوە کە ڤیتامین D پێویستە بۆ:
• پاراستنی بەهێزیی ئێسک و ددانەکان.
• باشترکردنی مژینی کالیسیۆم.
• پاڵپشتیکردنی فرمانی ماسولکەکان.
• بەشداریکردن لە کارکردنی سروشتیی کۆئەندامی بەرگری جەستە.
شارەزایان ئامۆژگاری دەکەن کە تەنیا پشت بە خۆر نەبەسترێت، و گرنگی بدرێت بە بەدەستهێنانی ڤیتامین D لە سەرچاوەکانی ترەوە، وەک:
• ماسییە چەورەکان وەک سالۆن و سەردین.
• زەردێنەی هێلکە.
• شیرەمەنی و شیری دەوڵەمەندکراو.
• دانەوێڵە و ئەو خۆراکانەی بە ڤیتامین D دەوڵەمەند کراون.
• تەواوکەرە خۆراکییەکان ئەگەر پزیشک ڕێنمایی بکات دوای ئەنجامدانی پشکنینی خوێن بۆ پێوانەکردنی ئاستی ڤیتامینەکە.
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە خواردنی ڤیتامین D لە هاویندا بەستراوەتەوە بە ئەنجامی پشکنین و باری تەندروستیی کەسەکەوە، نەک تەنها بە وەرزی هاوین؛ چونکە ڕەنگە هەندێک کەس وەک بەساڵاچووان یان ئەوانەی کەمیی سەلمێنراویان هەیە، پێویستیان بە بەردەوامبوون لەسەر خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکان هەبێت تەنانەت لە مانگەکانی هاوینیشدا، بەپێی ڕێنمایی پزیشک.
توێژینەوەکە جەختی کردووەتەوە کە تیشکی خۆر بە سەرچاوەیەکی گرنگی ڤیتامین D دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ هەموو کەسێک بەس نییە، بۆیە ئەو گرووپانەی کە زیاتر ڕووبەڕووی کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبنەوە، پێویستیان بە هەڵسەنگاندنی پزیشکی و پشکنینی ئاستی ڤیتامینەکە هەیە، لەگەڵ پشتبەستن بە خۆراک یان تەواوکەرەکان لە کاتی پێویستدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودەکانی خواردنەوەی ئاوی گەرم و هەنگوین بەگەدەی بەتاڵ

lana

ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌وكردنی جگه‌ر

سەڵاح

هۆكارەكانی دروستبوونی بەردی گورچیلە

lana