zagros news agency

توێژینەوەیەکی نوێ لەبارەی سوودەکانی «زگورتی بوون»

 

سەبارەت بە ژیانی هاوبەشی پیاو و ئافرەت توێژینەوەی بەرفراوان کراوە و سوودەکانی بۆ تەندروستیی دەروونی و جەستەیی سەلمێنراوە؛ سەرەڕای ئەوەش، توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات بێ‌هاوسەر ژیان دەکرێت سوودی تایبەتی خۆی هەبێت و دەرفەت بۆ گەشەپێدانی تواناکانی تاک بڕەخسێنێت.

بەپێی ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە، سوودوەرگرتن لەم دۆخە تەنیا بە شێوازی بیرکردنەوەی کەسەکەوە بەستراوەتەوە.

توێژەران لە سێ لێکۆڵینەوەدا چەمکی «توانای خۆفراوانکردن لە سەردەمی بێ‌هاوسەری»یان خستە بەر باس. ئەم چەمکە ئاماژە بەو باوەڕە دەکات بێ‌هاوسەری دەرفەت دەڕەخسێنێت تاک لە ڕێگەی ئەزموون، دیدگا و پەیوەندیی نوێوە ناسینی زیاتری بۆ خۆی هەبێت؛ توانایەک پێشتر زۆرتر بە هەبوونی پەیوەندیی سۆزدارییەوە دەبەسترایەوە.

یووسیکا گیرمێ، مامۆستای زانکۆی سایمۆن فرەیزەر و یەکێک لە نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە دەڵێت: «تیۆریی خۆفراوانکردن هەمیشە لەسەر ئەو بنەمایە بووە گەشەی کەسی لە پەیوەندییە نزیکەکاندا ڕوو دەدات، بەڵام دەستکەوتەکانی ئێمە توانای بەرزی گەشەکردن لە چالاکییە تاکەکەسییەکانیشدا پێشان دەدەن.» ئەلینا مۆرێنۆ، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکەش گوتی، ئامانجیان ئەوە بووە بێ‌هاوسەری وەک دەرفەتێک بۆ گەشەی کەسی بناسێنن.

ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی بڕوای بەهێزتریان بە گەشەکردن لە کاتی سەڵتیدا هەبووە، زیاتر بەشدارییان لە چالاکییە جیاوازەکاندا وەک وەرزش، فێربوونی لێهاتوویی نوێ و سەردانی شوێنە نوێیەکان کردووە. ئەم باوەڕە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەزامەندیی زیاتر لە ژیان، کەمبوونەوەی ترس لە تەنیا مانەوە و هەستی سەربەخۆیییەوە هەبووە. هەروەها دەرکەوتووە نزیکەی ٨٢٪ی بەشداربووان لەم ئەزموونانەدا پشتیان بە هاوڕێیان و بنەماڵەکانیان بەستووە و پێویستییان بە پەیوەندییەکی سۆزداری نەبووە.

ئەو کەسانەی متمانەبەخۆبوونی زیاتریان هەیە، سەڵتی وەک دەرفەتێک بۆ فێربوون و ئەزموون دەبینن. لە بەرانبەردا ئەو کەسانەی لە تەنیا مانەوە نیگەرانن یان خۆشبەختی تەنیا لە پەیوەندیی سۆزداریدا دەبیننەوە، کەمتر هەستیان بەم توانایە کردووە. توێژەران پێشنیار دەکەن تاقیکردنەوەی شتی نوێ، نووسینی ڕۆژانە، دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و گەشتی تاکەکەسی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی سەڵتی وەک دەرفەتێک بۆ خۆناسین سەیر بکرێت، نەک کەمکوڕی.

هەواڵی پەیوەندیدار

لەم کاتانەدا خواردنی هەنگوین زیانی هەیە

lana

شەش سوودی ڤیتامین A بۆ راگرتنی تەندروستی جەستە

lana

گرنگترین ڤیتامینەكان بۆ بێهێزی و شەكەتیی بەردەوام

lana