zagros news agency

دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی خەوزڕان ئاشکرا دەکرێت

 

دەرمانی نوێی “ئۆفبۆرێکستۆن” بەڵێنی گۆڕینی رێچکەی چارەسەرکردنی نەخۆشیی خەوزڕان یان نارکۆلێپسی دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا ئەنجامی ئەرێنیی تۆمار کرد. دەرمانەکە کار لەسەر قەرەبووکردنەوەی ماددەیەکی بنەڕەتیی ناو مێشک دەکات کە بەرپرسە لە رێکخستنی خەو و ئاگایی.

تووشبووانی خەوزڕان تووشی نۆرەی خەولێکەوتنی لەناکاو دەبن، کە رەنگە لە کاتی قسەکردن یان چالاکییە رۆژانەییەکاندا بە خەوێکی قووڵ کۆتایی بێت. ئەم نۆرانە زۆرجار بە جەمدە هاوڕێیە، کە بریتییە لە لەدەستدانی کتوپڕ و کاتیی کۆنترۆڵکردنی ماسوولکەکان و رەنگە ببێتە هۆی کەوتنی نەخۆشەکە، ئەمەش زۆرجار بەهۆی هەستێکی بەهێز وەک پێکەنین، شۆک یان تووڕەیی روودەدات. تووشبووان هەروەها رەنگە بەدەست شەلەلی خەویشەوە بناڵێنن، کە تێیدا لە نێوان خەو و ئاگاییدا توانای جووڵە یان قسەکردنیان بۆ ماوەیەکی کەم نامێنێت.

ئۆفبۆرێکستۆن بە چالاککردنی وەرگرەکانی ئۆرکسین-2 لە مێشکدا کار دەکات، ئەمەش هاندەری بەرهەمهێنانی ئەو ماددەیە دەبێت کە لەلایەن خانەکانی ناوچەی هایپۆسەلامەس لە مێشکدا دروست دەکرێت. ئۆرکسین تەنیا بەرپرس نییە لە خەو و ئاگایی، بەڵکو پەیوەندی بە سەرنجدان و سیستەمی پاداشت لە مێشکدا هەیە. جۆری یەکەمی خەوزڕان کە 75%ـی حاڵەتەکان پێکدەهێنێت، پەیوەستە بە لەدەستدانی ئەو خانانەی ئۆرکسین بەرهەم دەهێنن، کە پێدەچێت بەهۆی تێکچوونی سیستەمی بەرگرییەوە بێت کە بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر ئەم خانانە.

تاقیکردنەوەیەک کە زیاتر لە 270 نەخۆش بەشدارییان تێدا کردووە، بەشداربووان رۆژانە دووجار ئۆفبۆرێکستۆنیان بۆ ماوەی سێ مانگ بەکارهێناوە. کۆمپانیای تاکیدای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە رایگەیاند، ئەنجامەکان باشتربوونی بەرچاوی ئاگایی لە رۆژدا و دابەزینی تێکڕای نۆرەکانی جەمدەیان بە نزیکەی 80% نیشانداوە. زۆربەی کاریگەرییە لاوەکییەکان سووک بوون و تەنیا بریتی بوون لە بێخەویی شەوانە و زۆر میزکردن.

گای لیشزێنەر، پرۆفیسۆری دەمارزانی و پسپۆڕی خەو لە نەخۆشخانەی گای و سانت تۆماس لە لەندەن رایگەیاند، پەرەپێدانی دەرمانێک کە رێڕەوی ئۆرکسین بکاتە ئامانج، ساڵانێکە ئامانجی سەرەکیی چارەسەرکردنی خەوزڕان بووە. لیشزێنەر لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری گۆد هێڵس گوتی: “ئەم دەرمانە یەکەمینە لە جۆرەکەی خۆی کە دەگاتە بازاڕ و ئەنجامی تاقیکردنەوەکان زۆر دڵخۆشکەرن، ئەمەش وەک بژاردەیەکی بەڵێنپێدراو بۆ تووشبووانی ئەم نەخۆشییە دەمارە ماندووکەرە دەبینرێت”.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی مانگی رابردوو رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی ئۆفبۆرێکستۆن دەربڕی. لە بەریتانیا، پەیمانگەی نیشتمانیی بۆ پێشکەوتنی چاودێریی تەندروستی ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی تێچووی دابینکردنی دەرمانەکەیە لە ناو سیستەمی تەندروستیی نیشتمانیدا، کە مەزەندە دەکرێت تێچووی ساڵانەی بۆ هەر نەخۆشێک نزیکەی 120 هەزار پاوەند بێت و بڕیاری کۆتاییش بۆ نیسانی 2027 چاوەڕوان دەکرێت.

چارەسەرەکانی ئێستا زیاتر پشتیان بە کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان بەستووە، وەک دەرمانەکانی مۆدافینیل بۆ بەهێزکردنی ئاگایی و ئۆکسیناتی سۆدیۆم بۆ خەوی قووڵی شەوان. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستی بە بژاردەی نوێ هەیە بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانە کۆنەکان.

گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری کاراتر لەوەدایە کە توێژینەوەکان دەریدەخەن خەوزڕان رەنگە پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختەوە هەبێت. توێژەرانی نێودەوڵەتی لە ماوەی 25 ساڵدا چاودێریی هەزاران تووشبووی نەخۆشییەکەیان کرد و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەگەری مردنیان لە تەمەنێکی کەمتردا بە رێژەی 30% زیاترە. توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری خەوی کلینیکی لە ئایاردا بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات ئەم مەترسییە پەیوەستە بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و هەندێک تێکچوونی دەروونی کە رەنگە لەگەڵ خەوزڕان تێکەڵ ببن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سێ خواردن ڕێگری لە بەرزبونەوەی پەستانی خوێن دەکەن

lana

ئایا زەردێنەی هێلکە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

lana

مەلەکردن لە ڕووبار و گۆمەکان؛ سوودە دەروونییەکان لە بەرامبەر مەترسییەکانی ئاوی پیسدا

یاسین