zagros news agency

بۆچی خواردنەوەی گەرم لە هاویندا جەستە فێنک دەکاتەوە؟

 

خواردنەوەی پەرداخێک چای گەرم لە هەر رۆژێکی گەرمدا لەوانەیە کارێکی نائاسایی بێت، چونکە جەستە هەوڵ دەدات خۆی لە پلەی گەرمیی بەرز رزگار بکات و خواردنەوەیەکی گەرمیش گەرمیی زیاتر بۆ جەستە زیاد دەکات. ئەم دۆخە تا رادەیەک سوودبەخشە، چونکە خواردنەوەی گەرم دەتوانێت یارمەتیی فێنکبوونەوەی جەستە بدات، بەو مەرجەی کەشوهەوا رێگەی بە هەڵمبوونی ئارەقە بدات.

فێنکبوونەوەی جەستە لە رێگەی خواردنەوەی گەرمەوە بەستراوەتەوە بە سێ هۆکاری سەرەکی، کە بریتین لە پلەی گەرمیی خواردنەوەکە، توانای جەستە بۆ ئارەقەکردن، هەروەها ئاستی شێ و جووڵەی هەوا لە شوێنەکەدا.

کاتێک خواردنەوەیەکی گەرم دەچێتە ناو جەستە، پلەی گەرمیی جەستە بە شێوەیەکی کەم بەرز دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە وادەکات وەرگرەکانی گەرمی هان بدرێن بۆ ئەوەی بڕێکی زیاتر ئارەقە دەربدەن. پرۆسەی فێنکبوونەوەکە لە خودی ئارەقەکردنەوە روونادات، بەڵکو پەیوەستە بە هەڵمبوونی ئارەقەکە لەسەر رووی پێست، چونکە پرۆسەی هەڵمبوون بڕێک لە گەرمیی جەستە هەڵدەمژێت.

جۆ تریگۆنینگ، پرۆفیسۆری زانستی بەرگری لە زانکۆی ئیمپریال کۆلیج لە لەندەن رایگەیاند، خواردنەوە گەرمەکان دوو کاریگەریی پێچەوانەیان هەیە؛ گەرمی بۆ جەستە زیاد دەکەن، بەڵام هاوکات جەستە هان دەدەن بۆ زیادکردنی ئارەقەکردن.

تریگۆنینگ لە لێدوانێکیدا بۆ گاردیان گوتی: “کاریگەریی ئارەقەکردن دەتوانێت بەسەر ئەو گەرمییەدا زاڵ بێت کە خواردنەوەکە زیادیکردووە، بەڵام ئەمە تەنیا کاتێک روودەدات کە ئارەقەکە بە باشی هەڵبمژرێت”. ئەم دۆخە زیاتر لە کەشوهەوای وشک یان ئەو شوێنانەدا بەدی دەکرێت کە کراوەن و هەوایان تێدا دەجووڵێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە‌كارهێنان و سوودە‌ تەندروستیەكانی خواردنی قۆخ

lana

باشترین سەرچاوە ڕووەکیەکانی ئۆمێگا3

lana

شەش نیشانە کە ئاگادارت دەکاتەوە جەستەت تووشی وشکبوونەوە بووە

lana