کاتێک ئۆکسجین لە کاتی وەرزشی قورس یان بەرزبوونەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان کەمدەبێتەوە، خڕۆکە سوورەکانی خوێن چاوەڕێی دروستکردنی خانەی نوێ لەلایەن جەستەوە ناکەن. بەڵکو پەیوەندیی نێوان ئەو پرۆتینانەی لە ناویاندان رێکدەخەنەوە، بۆ ئەوەی رێژەی بەکاربردنی گلوکۆز بگۆڕن و یارمەتی هیمۆگلۆبین بدەن بڕێکی زیاتر لە ئۆکسجین بدات بە شانەکانی جەستە.
وردەکاریی ئەم میکانیزمە لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرا کراوە کە لە گۆڤاری “بلود” بڵاوکراوەتەوە، دوای ئەوەی توێژەران نەخشەیەکی فراوانیان بۆ ئەو پرۆتینانە کێشاوە کە لە ناو خڕۆکە سوورەکانی خوێندان و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کارلێکەکانیاندا دێت لە کاتی کەمیی ئۆکسجیندا.
خڕۆکە سوورەکانی پێگەیشتووی خوێن ناوکیان نییە، بۆیە ناتوانن جینات کارا بکەن یان پرۆتین دروست بکەن بەو شێوازەی زۆربەی خانەکانی دیکەی جەستە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەکان بەکاری دەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم خانانە دەتوانن بەخێرایی چالاکییە میتابۆلیکەکانیان بگۆڕن. دەرکەوتووە نهێنییەکە لە بەرهەمهێنانی پرۆتینی نوێدا نییە، بەڵکو لە جیاکردنەوە و کۆکردنەوەی ئەو پرۆتینانەدایە کە پێشتر هەبوون، ئەوەش بەپێی ئاستی ئەو ئۆکسجینەی لە دەوروبەریانە.
توێژەران خڕۆکەی سووری خوێنی مرۆڤیان بە کوالێتییەکی بەرز شیکار کردووە و 3,775 پرۆتینیان تۆمار کردووە، ئەوەش بە وردترین نەخشەی پرۆتینەکانی ئەم خانانە دادەنرێت کە تا ئێستا کرابێت.
توێژینەوەکە سیستەمێکی دیاریکردووە کە لەسەر پرۆتینێکی رووکەشی بە ناوی “باندی 3” چڕبووەتەوە، کە رۆڵی سەکۆیەک دەبینێت و پرۆتین و ئەنزیمەکانی دیکەی پێوە دەلکێن. لە بارودۆخی ئاساییدا ئەنزیمێک بە ناوی “بیلڤێردین ریدەکتەیز بی” بەم سەکۆیەدا دەلکێت و بەشدارە لە رێکخستنی کارلێکە کیمیاییەکانی ناو خانەکەدا. کاتێک ئۆکسجین کەمدەبێتەوە، ئەنزیمەکە لە پرۆتینە رووکەشییەکە جیادەبێتەوە، لەکاتێکدا هیمۆگلۆبینی بێ ئۆکسجین بە هەمان سەکۆوە دەلکێت. ئەم گۆڕانکارییە پێچەوانە دەبێتەوە و وەک کلیلێکی هەستیار بە ئۆکسجین کار دەکات، چونکە شێوازی مامەڵەکردنی خڕۆکە سوورەکە لەگەڵ گلوکۆز دەگۆڕێت و رێڕەوی شیبوونەوەی هاندەدات بۆ بەرهەمهێنانی وزە و ئەو گەردیلانەی رێکخەری کاری هیمۆگلۆبینن.
یەکێک لە دیارترین دەرەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە، زیادبوونی بەرهەمهێنانی پێکهاتەیەکە بە ناوی “2,3 دایفۆسفۆگلیسیرات”. ئەم پێکهاتەیە بە هیمۆگلۆبینەوە دەلکێت و هێزی لکانی بە ئۆکسجینەوە کەمدەکاتەوە، ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی لەو شانانەدا ئازاد بکرێت کە پێویستیان پێیەتی. ئەمە بەو واتایە نییە کە خڕۆکەی خوێن بڕێکی زیاتر لە ئۆکسجین هەڵدەگرێت، بەڵکو دەتوانێت لەو شوێنانەدا رادەستی بکات کە ئاستی ئۆکسجین تێیدا نزمە.
توێژەران دەرەنجامەکانیان بە تاقیکردنەوە لەسەر مشکی دەستکاریکراوی بۆماوەیی پشتڕاست کردووەتەوە کە بەشێک لە پرۆتینی “باندی 3″یان تێدا نەبووە. ئەو ئاژەڵانە لاوازییان لە چالاککردنی شیبوونەوەی گلوکۆز و بەرهەمهێنانی ئەو پێکهاتەیەی یارمەتی ئازادکردنی ئۆکسجین دەدات نیشانداوە، لە پاڵ ئەوەشدا توانایان بۆ خۆگرتن لە کاتی وەرزشکردندا کەمی کردووە.
توێژینەوەکە روونکردنەوەیەک پێشکەش دەکات سەبارەت بەوەی چۆن خانەیەکی بێ ناوک بە بەکارهێنانی ئەو پرۆتینانەی هەیەتی خۆی لەگەڵ کەمیی ئۆکسجیندا دەگونجێنێت، بەڵام چارەسەرێکی ئامادە پێشنیار ناکات و هێشتا نەسەلمێنراوە کە دەکرێت ئەم میکانیزمە لە رووی پزیشکییەوە بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێت. توێژەران پێیانوایە دەرەنجامەکان لە داهاتوودا یارمەتیدەر دەبن بۆ تێگەیشتن لە کاردانەوەی جەستە بەرامبەر بە بەرزاییەکان، وەرزشکردن و هەندێک نەخۆشیی دڵ و سییەکان، بەڵام هەر بەکارهێنانێکی پزیشکی پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر دەبێت پێش ئەوەی لە تاقیگەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

