جەڵتەی دڵ كاتێک ڕوودەدات كە رۆیشتنی خوێن بۆ دڵ بوەستێت بەهۆی كۆبونەوەی چەوری و كۆلیسترۆڵ و ماددەی دیكە لەشادەمارەكان، بە گوتەی شارەزایان، ئەگەر لە کاتی خۆیدا هاوکاری پزیشکی بۆ نەخۆشەکان بکرێت ئەوا لە مەترسی مردن دووردەکەوێتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ” The Times of India”، پێویستە لە نیشانەکانی جەڵتەی دڵ و ئەو سیگناڵانە تێبگەیت کە جەستە دەینێرێت پێش دەرکەوتنی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە بۆ سەر ژیان بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی خۆیدا ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرێتەبەر.
دیارترین نیشانەکانی جڵتەی دڵ بریتین لە:
١. لەوانەیە هەست بە ناڕەحەتی بکەیت لە ناوەڕاست یان لای چەپی سنگت، یان هەست بە قورساییەکی زۆر لەسەر سنگت بکەیت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ماسولکەکانی دڵ پێویستی بە دابینکردنی بەردەوامی خوێن هەیە و کاتێک ئەمە کەمدەبێتەوە، دەبێتە هۆی ناڕەحەتی سنگ، کەواتە ئەگەر ئەم ئازارە زیاتر لە چەند خولەکێک بەردەوام بوو، یان نەما و دواتر گەڕایەوە، دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکە.
٢. بەشێوەیەکی قورس هەناسە دەدەیت، لەوانەیە هەست بکەیت کە ناتوانیت هەناسە بدەیت یان هەست بە ماندووبوونێکی زۆر دەکەیت، ئەم حاڵەتەش لەناکاو و توندە یان وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، ئەگەر خۆت بینی کە تووشی تەنگەنەفەسی نائاسایی بوویت، ئەوا پشتگوێی مەخە.
٣. لەوانەیە ئازارەکە بگوازرێتەوە بۆ قۆڵەکانت، زۆرجار ، پشت، مل یان گەدە، لەوانەیە هەست بە ئازار، قورسایی، یان فشار بکەیت، چاودێری شوێنی ئازارەکە بکە بزانە بڵاودەبێتەوە یان نا، چاودێری شێوازی نائاسایی بکە، وەک ئازار لە ناوچەیەک دەست پێدەکات و دەچێتە ناوچەیەکی تر.
٤. رەنگە هەست بە سکچوون یان سەرگێژخواردن بکەیت، کە لەوانەیە لەگەڵ کێشەکانی تردا تێکەڵ بکرێت وەک هەرس نەکردن یان سەرمابوون، کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ دڵ کاریگەری لەسەر سیستەمەکانی تری جەستە هەیە و دەبێتە هۆی کێشەی هەرسکردن یان سەرگێژخواردن.
٥. ئارەقێکی زۆر دەکەیتەوە، تەنانەت ئەگەر خۆتیش ماندوو نەکەیت، بە پێچەوانەی ئارەقەکردنەوەی ئاساییەوەیە کە بەهۆی وەرزشکردن یان گەرمییەوە دروست دەبێت.
٦. هەست بە ماندوێتی و لاوازییەکی زۆر دەکەیت، تەنانەت ئەگەر هیچ کارێکی قورسیشت نەکردبێت، کەمبوونەوەی لێدانی دڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەستکەوتنی ئەو ئۆکسجین و ماددە خۆراکیانەی کە جەستەت پێویستی پێیەتی قورس بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتییەکی زۆر.