zagros news agency

بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینە، عێراق بەرەو قەرزکردن لە بانکە ئەمریکییەکان هەنگاو دەنێت

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق لە هەوڵدا دەستبکات بە گفتوگۆ لەگەڵ چەند بانکێکی فەرمیی ئەمریکی تاوەکو قەرزێکی دارایی خێرا بەدەستبهێنێت، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نەختینە (السيولة) و دوورکەوتنەوە لە پێشنیاری چاپکردنی دراوی ناوخۆیی.

میکانیزمی وەرگرتن و دانەوەی قەرزەکە:
سەرچاوەکە بۆ «شەفەق نیوز»ی ڕوونکردەوە کە هەردوو وەزارەتی دارایی و دەرەوە لە دیراسەکردنی پەیوەندیکردندان لەگەڵ چەند بانکێکی فەرمیی ئەمریکیدا تاوەکو قەرزێک لەسەر بنەمای گەرەنتیی فرۆشی نەوتی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەدەستبهێنرێت.
حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوە وەک «چارەسەرێکی لۆژیکی و خێرا» دەبینێت لە ناوەڕاستی ئەو شەپۆلە قەیرانەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە.
ئامادەکارییە یاساییەکان لە پەرلەماندا:
یاسای قەرزکردن و بەخشین و هاوکارییەکان ڕێکارێکی ئیستسنائی و کاتییە کە عێراق لە کاتی نەبوونی بودجەی گشتیدا پەنای بۆ دەبات تاوەکو خەرجییە پێویستەکانی حکومەت دابین بکات.
لیژنەی دارایی لە ئۆنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاوەڕێی گەیشتنی ڕەشنووسی یاسای قەرزکردنە لەلایەن حکومەتەوە تاوەکو ڕێگری لە کەلەبەری دارایی بکات و یاساکە لەگەڵ سیاسەتی حکومەتدا یەکبگرێتەوە.
زیادبوونی چاپکردنی دراو و گوشارە داراییەکان:
بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی «شەفەق نیوز»، ئاستی خستنەڕووی نەختینەی عێراق (دراوی چاپکراو) لە ئەیاری ۲۰۲٦دا گەیشتووەتە ۱۱۳.٥٦۰ تریلیۆن دینار، کە بەراورد بە کۆتایی کانوونی یەکەمی ۲۰۲٥ بڕی ۱۳.۷٦۱ تریلیۆن دینار (۱۳.۸٪) زیادی کردووە.
ئەم زیایدبوونە بەهۆی ئەو گوشارە داراییە بەردەوامانەوەیە کە حکومەتی ناچار کردووە بە دوای نەختینەدا بگەڕێت تاوەکو مووچە و خەرجییە سەرەکییەکان دابین بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

نەیشینزلیگ.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ شەممە

یاسین

سێ زیندانیی دیکەی پەکەکە گواسترانەوە بۆ ئیمراڵی ، تورکیا دەڵێت لە پێناو پڕۆسەی ئاشتییە

سەڵاح