zagros news agency

لە هەولێر … گەورەترین کارگەی کەرپووچ دەکەوێتە کار

 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠/٨/٢٠٢٦، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی، د. محمد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەیاوەری سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان، بژار مەلاخدر، قائیمقامی قوشتەپە و دێدەوان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی بێستانە، سەردانی کارگەی ئەکەد بریک، سەر بە کۆمپانیای حەقڵ تابوقیان کردو لەلایەن حاجی احمد ماجدی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی ماجدی و هیوا هۆڵدینگ و هەورۆ ئەحمەد ماجدی سەرۆکی کۆمپانیای حەقل تابوق پێشوازیان لێکرا.

هەردوولا باسیان لە بایەخی دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی کۆمپانیای ناوخۆیی کرد لە پێناو دەستەبەرکردن و پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی، لەم ڕووەوەش پشتگیری تەواوی حکومەتی هەرێمیان بۆ پەرەپێدانی کۆمپانیای وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی دوپاتکردەوە.

جێگەی باسە کۆمپانیای حەقل تابوق یەکێکە لە کارگە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی خشت و کەرپوچە کە گەورەترین کورە لەخۆدەگرێت لەسەر ئاستی جیهان بە توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە و بەردەوامی نزیکەی ١٢٠٠ تۆن لە ڕۆژێکدا.

کارگەکە پێنج جۆری تابووق بەرهەم دەهێنێت و بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەورووپی و سیستەمە ئۆتۆماتیکەکان لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنان کار دەکات.

کارگەکە گرنگییەکی تایبەتی بە کادر و توانای ناوخۆیی دەدات؛ ٩٩٪ی کارمەندانی کارگەکە کوردن، و کارگەکە بە تایبەتی وەبەرهێنان لە ئەندازیارە گەنج و تازەدەرچووەکان دەکات بە ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ دروستکردنی ڕێبەرانی داهاتووی پیشەسازی.

ئەکەد بریک نزیکەی ٢٥٠ هەلی کاری ڕاستەوخۆ و نزیکەی ٢٠٠ هەلی کاری ناراستەوخۆ دابین دەکات و بەو شێوەیە ڕۆڵێکی گرنگ لە پەرەپێدانی پیشەسازی، ئابووری ناوخۆ و دابینکردنی ماددەی بیناسازی بە کوالیتی بەرز هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی هەرێم: بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت

سەڵاح

ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە ٣١ هەزار و ٦٤٠ کەس تێپەڕی

یاسین

ڕووسیا فەرمانبەرانی دەگەڕێنێتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری ئێران

سەڵاح