سەرچاوە ئاگادارەکان لە نەینەوا، جووڵەیەکی بەرچاوی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کۆبوونەوەیەکی “نهێنی”یان ئاشکرا کرد کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا شاری مووسڵ بەخۆوەی بینیوە، ئەوەش لە ڕێگەی دیدارێکی داخراوی شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا.
بەگوێرەی هەواڵێکی شەفەق نیوز: “شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئێوارەی دوێنێ گەیشتوونەتە مووسڵ و کۆبوونەوەیەکی داخراویان لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا ئەنجام داوە، بە دوور لە چاوی میدیاکان و بە بەشداری چەند کەسایەتییەکی سنووردار، لە دیدارێکدا کە هیچ وردەکارییەکی بە فەرمی رانەگەیەندراوە.”
روونیشیان کردەوە کە “کۆبوونەوەکە بە جێهێشتنی شاری مووسڵ لەلایەن شاندە ئەمریکییەکەوە لە کاتژمێرەکانی شەودا کۆتایی هاتووە.”
بەیانی رۆژی دواتر، عەبدولقادر دەخیل پێشوازی لە شاندێکی فەرمی تورکیا کرد بە سەرۆکایەتی سەرۆکی شارەوانی “تۆکات” محەمەد کەمال یازجی ئۆغڵو و شاندی یاوەری، لە سەردانێکی راگەیەندراودا کە تێیدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری نێوان هەردوولا واژۆ کرا، ئەمەش دەرگای پرسیاری کردەوە سەبارەت بە هاوکاتیی ئەم دوو سەردانە و ئەو ماوە کورتەی لە نێوانیاندا هەبوو.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “ئەم جووڵەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گۆڕانکاری خێرا بەخۆوە دەبینێت، لە سایەی ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت و لێکەوتەکانی گرژییە هەرێمییەکان، هەروەها دەنگۆی جووڵەی بەرفراوانتری ئەمریکی و تورکی لە باکووری عێراق، لە ناوەڕاستی چاودێریکردنی وردی بارودۆخی سنوورەکان لەگەڵ سووریا.”
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ڕووداوەکانی سووریا، کە تێیدا پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا و گروپە چەکدارەکانی پاڵپشتی دروستبووە.

