وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە یەدەگی ستراتیژیی خۆراک بۆ زیاتر لە ساڵێک بەشی دەکات.
محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند: “وەزارەت خاوەنی یەدەگێکی ستراتیژیی گەورەی ماددە خۆراکییەکانە کە بۆ زیاتر لە ساڵێک بەشی دەکات، بەتایبەتی ماددەی گەنم؛ جگە لە دابینکردنی زیاتر لە شەش جۆر خۆراک لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراکدا، لەگەڵ هێنانە ناوەوەی ماددەی نوێ لە ڕێگەی هاوردەکردن لە چەندین بەندەرەوە، لەوانە بەندەری عەقەبە و بەندەرە تورکییەکان.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە “عێراق ئێستا بەدەست کەمیی ماددە خۆراکییەکانەوە نانالێنێت، ئەوەش بەهۆی ڕێکارەکانی حکومەت و پلانەکانی وەزارەتی بازرگانی بۆ دەستەبەرکردنی کۆگای ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.”
سەبارەت بە پڕۆژەی “هایپەرمارکێت”، حەنوون جەختی کردەوە کە “وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ دروستکردنی ١٥٠ هایپەرمارکێت لە چوارچێوەی پلانی پێنج ساڵەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان بۆ تەرخانکردنی زەوی، بە ئامانجی دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی بۆ چینە کەمدەرامەتەکان.”
هەواڵی داهاتوو

