عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، دەنگۆی وەستانی گەیشتنی دۆلاری ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە حەواڵەکان بە شێوەیەکی ڕێک و پێك بەردەوامن. هەروەها دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەران “پارێزراوە” هەرچەندە قەیرانی وەستانی هەناردەی نەوت درێژە بکێشێت.
عەلاق لە میانی گوتەیەکدا لە دیداری گفتوگۆی “سین” ڕایگەیاند: “ئەو قسە و دەنگۆیانەی سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی دۆلار بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە، چونکە بانکی ناوەندی حەواڵە دەرەکییەکان بە ڕێکی بەڕێوە دەبات و نەوەستاون”.
عەلی عەلاق گوتی: بانکی ناوەندی پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار و حەواڵەی بۆ دەرەوە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر ڕێکخستووەتەوە.
راشیگەیاند: پێشتر ساڵانە نزیکەی ١٤ ملیار دۆلار بە نەقد هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا تەنها ٤ ملیار دۆلار هاوردە دەکرێت کە تایبەت کراوە بە گەشتیاران. حەواڵە ئەلیکترۆنییەکان ٩٥٪ی کۆی فرۆشتنی دۆلار پێکدەهێنن.
عەلاق ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو (عەلی زەیدی) کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی دارایی دوای وەستانی دەروازە سەرەکییەکانی هەناردەی نەوت.
جەختی کردەوە کە حکومەت خاوەنی بژاردەی زۆر نییە و بانکی ناوەندی ناتوانێت قەرز بدات بە حکومەت، بەڵام لە ڕێگەی ئامرازی وەک “کاغەزە دارایییەکان” (الأوراق المالية) پشتگیری دەوڵەت دەکات و مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و دابین کراوە.
عەلاق ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی دۆلار لە بازاڕی تەریب فەرمی نییە و دۆلار بۆ مەبەستی بازرگانی تایبەت و گەشتیاری لەو بازاڕەدا بەردەستە، بەڵام بۆ گەشت و چارەسەری پزیشکی و خوێندن دەبێت پەنا بۆ ڕێگا فەرمییەکانی بانک ببرێت.

