سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پشتپەردەی کۆبوونەوەی دوایینی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کرد کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بەنیازی دامەزراندنی “سندوقی گەشەپێدانی سیادی”یە بە سەرمایەی نزیکەی ٢٥٠ ملیار دۆلار و بە بەشداریی وڵاتانی کەنداو. هاوکات هێزە سیاسییەکان دەسەڵاتی تەواویان داوەتە زەیدی بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکان.
سەرچاوەکە به شەفەق نیوزی راگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگی گڵۆپی سەوزی بۆ زەیدی هەڵکردووە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی. لایەنە سیاسییەکان چەند ناوێک کاندید دەکەن و زەیدی خۆی شیاوترین کەس بۆ پۆستەکان (بەتایبەت وەزیری ناوخۆ) هەڵدەبژێرێت. یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتەش دەکەوێتە دوای سەردانەکەی بۆ واشنتن و کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان.
باسی لەوەش کرد: لە کۆبوونەوەکەدا باسی میکانیزمی تێکەڵکردنی فەسائیلە چەکدارەکان لە ناو دەستەی حەشدی شەعبی و ئەنجامی کارەکانی ئەو لیژنانە کراوە کە سەرپەرشتی پرۆسەی حەسری چەک دەکەن.
ئاشکراشی کرد: زەیدی پڕۆژەی دامەزراندنی سندوقێکی نیشتمانی خستووەتە ڕوو کە ئامانج لێی نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و دابینکردنی هەلی کاری زۆرە بۆ گەنجانی بێکار.
سەرچاوەی دارایی سندوقەکە: لە قۆناغی یەکەمدا سندوقەکە بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دارایی دەکرێت، پاشان گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێکی کەنداو دەکرێت بۆ پەرەپێدانی سندوقەکە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانیان و دروستکردنی هاوبەشی وەبەرهێنان، بە جۆرێک وڵاتانی کەنداو بنمیچی دارایی سندوقەکە بۆ نزیکەی ٢٥٠ ملیار دۆلار (چارەکە تریلیۆنێک دۆلار) بەرز دەکەنەوە.

