سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر ڕایگەیاند، تا ئێستا 850 مۆڵەتی جۆراوجۆری وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای هەولێر دراونەتە وەبەرهێنەران. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا لە 6 مانگی ڕابردوودا نزیکەی 50 مۆڵەتی نوێ دراون، کە ئەمەش گەشەسەندنی کەرتی وەبەرهێنان لە پایتەخت نیشان دەدات.
بەڕێوەبەری گشتی ڕوونی کردەوە کە ساڵی ڕابردوو 100 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوە. ئومێدەواریشە بەهۆی ئەو ئاسانکارییە زۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات، ئاماری ئەمساڵ زۆر زیاتر بەرز بێتەوە.
سەبارەت بە سێکتەرەکانیش، سامان عارەب ئاشکرای کرد کە لە نێو 11 سێکتەری جیاوازدا، لە ئێستادا پێشینەی کارەکانیان بۆ کەرتی پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵییە بەهۆی دابینکردنی هەلی کاری زیاتر، لە پاڵ گرنگیدان بە سێکتەرەکانی خوێندن، تەندروستی و بازرگانی.

