دکتۆر چیمەن بارزانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس : گرنگترین خاڵەکانی هەمواری نوێی یاسای هێزەکانی ناوخۆی ئاشکرا کرد، کە ئێستا لە قۆناغی کۆتایی کارەکانی لیژنەکەیاندایە. ئەم هەموارە کۆمەڵێک دەستکەوت و چاکسازیی گەورە لە بەرژەوەندی کارمەندان، فەرمانبەران و خێزانی شەهیدان لەخۆدەگرێت.
گرنگترین بڕگەکانی ئەم پڕۆژەیاسایە بریتین لە:
١. ماف بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی:
بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەزارەتدا، هەزاران فەرمانبەری مەدەنی دەخرێنە ژێر چەتری ئەم یاسایە. بەمەش لە ڕووی مووچە، دەرماڵە و مافی خانەنشینییەوە لەگەڵ کارمەندانی پۆلیس هاوتا دەکرێن.
٢. خانەنشینی ئارەزوومەندانە و گەنجکردنەوەی دامەزراوەکان:
تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە لە ٤٥ ساڵەوە بۆ ٤٠ ساڵ کەم دەکرێتەوە (بە مەرجی هەبوونی ١٥ ساڵ خزمەت)، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەو کارمەندانەی دەیانەوێت خانەنشین بن و ڕێگەخۆشکەریشە بۆ گەنجکردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان.
٣. جێگیرکردنی کارمەندانی گرێبەست:
وەزارەتی ناوخۆ پابەند دەکرێت بە جێگیرکردنی (تەسبیت) کارمەندانی گرێبەست لەکاتی هەبوونی میلاکی بەتاڵ، ئەوەش بەپێی پێوەری شەفاف و دادپەروەرانە.
٤. پشتگیری زانستی و یەکسانی جێندەری:
هەموارە نوێکە جەخت لە بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرانی ژن دەکاتەوە بەبێ جیاکاری. هەروەها بۆ هاندانی ئاستی زانستی، (١ بۆ ٢ ساڵ قیدەم) دەبەخشرێتە ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بەدەستدەهێنن.
٥. وەفاداری بۆ خێزانی شەهیدان و کەمئەندامان:
پلەی (مولازم) دەبەخشرێتە شەهیدان و پەککەوتووانی تەواوەتی. هەروەها موخەسەساتی ئەرزاق لەگەڵ مووچەی بنەڕەتی تێکەڵ دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی مووچەی خانەنشینی خێزانەکانیان.
٦. دەرفەت بۆ ئەفسەرانی گەنج:
بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکەوتنی ئەفسەرانی گەنج و لێهاتوو، دەسەڵاتی درێژکردنەوەی خزمەتی ئەفسەرانی باڵا سنووردار دەکرێت بۆ تەنها یەک ساڵ.
دکتۆر چیمەن بارزانی حەوەشی بۆ ئاژامسی هەوالی زگرۆس دووپاتی کردەوە، وەک نوێنەری گەل و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانیان، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین دانیشتنی پەرلەماندا ئەم پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت. هاوکات جەختیشی کردەوە کە بە هەمان شێوە کار بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە شانازییەکی گەورە دەزانێت.

