zagros news agency

وەزارەتی ناوخۆ سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵ 8 تۆمار دەکات و رەتیدەکاتەوە چەکی ئەمریکییان وەرگرتبێت

 

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی لێدوانەکانی کادیرێکی حیزبی لە کەناڵی (8) دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن چەکەکانی ئەمریکا لە کۆگاکانی وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێرن، “هەڵبەستراو و دوورن لە ڕاستی” و بەو هۆیەشەوە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە و میوانەکە تۆمار دەکەن.

رۆژی شەممە، 2ی ئایاری 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: “لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 8دا، بێژەر و کادیرێکی حیزبی باسیان لەوە کردووە کە گوایە ئەو چەکانەی ئەمریکا داویەتی بە هەرێمی کوردستان، رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراون و لە کۆگایەکی وەزارەت لە شاری هەولێر دانراون.”

وەزارەتی ناوخۆ ئەو لێدوانانە بە توندی رەتدەکاتەوە و دەڵێت: “ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورە لە ڕاستی.”

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە “ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستی بابەتەکە و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، بەڵام رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.”

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردووەتەوە کە وەک مافێکی خۆیان، سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە و میوانەکەش تۆمار دەکەن و دەبێت لەبەردەم دادگا بەڵگەکانیان بۆ ئەو قسانە پێشکەش بکەن، “ئەگینا دەبێ باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

حکومەتی هەرێمی کوردستان 100 گەنجی دیکەی لە وڵاتی لیبیاوە گەڕاندەوە

یاسین

سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان دەكرێت

سەڵاح

لە دوای داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکان، کارگە و مۆلیدەى گەڕەکەکان پابەندى ژینگە پارێزى دەکرێن

یاسین