دەستەی ناوچەی پارێزراوی نغۆرونغۆرۆ لە تەنزانیا رایگەیاند، هەینی 10 شێری مردوو دۆزراونەتەوە و ئەنجامە سەرەتاییەکانیش ئەگەری ژەهرخواردکردنیان نیشان دەدەن.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: “نیشانە سەرەتاییەکان دەریدەخەن ئاژەڵەکان دوای خواردنی ماددەیەکی ژەهراوی مردبن”. هاوکات ئەو دەستەیە لێکۆڵینەوەیەکیان بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردنەکە و ئاشکراکردنی بەرپرسانی ئەو رووداوە دەستپێکردووە.
نغۆرونغۆرۆ کە لە لیستی میراتی جیهانیی یوونێسکۆدا ناوی هاتووە، یەکێکە لە دیارترین ناوچە گەشتیارییەکانی تەنزانیا و ژمارەیەکی زۆر جۆری ئاژەڵی تێدایە، لەوانەش شێر، فیل، گامێش و کرکەدەننی رەش کە مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە.
سروشتی ناوچەکە لەنێوان دەشتاییە بەرزەکان، ساڤانا و دارستانەکاندا هەمەجۆرە. ناوچەکە لە ساڵی 1959ـەوە بۆ بەکارهێنانی فرەیی تەرخان کراوە و تیایدا شوانەکانی ماسای بە شێوەی نیوە کۆچەری لەپاڵ ژیانی کێویدا دەژین.
یوونێسکۆ ناوچەکە بە خاوەنی گرنگییەکی جیهانیی بۆ پاراستنی هەمەجۆریی زیندەیی دەناسێنێت، ئەوەش بەهۆی بوونی جۆرەکانی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە و چڕیی ئاژەڵە کێوییەکان و کۆچی ساڵانەیان بۆ دەشتاییەکانی باکوور.
ژەهرخواردکردن هەڕەشەیە بۆ سەر ئاژەڵە گۆشتخۆرە گەورەکان لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا و زۆرجار پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئاژەڵەکان و ئاژەڵدارانەوە هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان هێشتا وردەکاریی مردنی ئەو 10 شێرەیان یەکلا نەکردووەتەوە.
لە رووداوێکی جیاوازدا مانگی رابردوو، پۆلیسی کینیا چوار گومانلێکراوی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە مردنی 18 فیل دەستبەسەر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازادیان کرد.
وەزارەتی گەشتوگوزار و ژیانی کێوی رایگەیاند، دەسەڵاتداران ماددەی جۆراوجۆریان دەستبەسەردا گرتووە کە پێکهاتەی کیمیاییان تێدابووە. رووداوەکە گریمانەی ئەوەی دروست کرد فیلەکان تەماتەی ژەهراویبوو بە قڕکەری مێروویان لە کێڵگەکانی نزیک پارکی نیشتمانیی ئەمبۆسێلی خواردبێت، وەزارەتەکە روونیکردەوە پشکنینە تاقیگەییە سەرەتاییەکان ئەگەری بوونی ماددەی ژەهراوی دەردەخەن، لەکاتێکدا شارەزایان بەهۆی تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێکی مردن لەنێو جۆرەکانی تری ئاژەڵاندا، گومانیان لە گریمانەی قڕکەری مێرووەکان کرد.
فرانك بۆب، سەرۆکی جێبەجێکاری رێکخراوی “رزگارکردنی فیلەکان” بە بی بی سی گوتی: گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی زەویدا شوێنی عاجی گرتووەتەوە و بووەتە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر فیلەکانی ئەمبۆسێلی، ئەوەش لەگەڵ پەرەسەندنی کشتوکاڵ لەو ناوچانەی ئاو و خاکی بەپیتیان تێدایە و فیلەکانیش بەکاریان دەهێنن.
سەرەتای کانوونی دووەمی رابردوو، رێکخراوی “پاسەوانانی شێر”ی کینی مردنی 6 شێری لە رووداوێکی ژەهرخواردکردن لە نزیک سنووری کینیا و تەنزانیا راگەیاند، دۆزینەوەی 30 هەڵۆی مردووش لە ناوچەکەدا گومانی ئەوەی بەهێز کرد ژەهرخواردکردن هۆکاری مردنەکە بووبێت.

