zagros news agency

ئەوروپا ترسی لە ژیریی دەستکرد هەیە

 

نیگەرانییەکان لە ناوەندە ئابووری و چاودێرییەکانی ئەوروپادا ڕوو لە زیادبوونە، بەهۆی ئەوەی گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) لە توانای چوارچێوە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان گەورەتر بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشدارییەکان لەسەر کاریگەریی نەرێنیی ئەم بۆشاییە لەسەر سەقامگیریی دارایی و توانای پێشبڕکێی کیشوەری کۆن زیاد دەکەن.
لە کاتێکدا سەیری ژیریی دەستکرد دەکرێت وەک بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمداری و گەشەی ئابووری، بەڵام دامەزراوە چاودێرییەکان و بانکە ناوەندییەکان پێیان وایە مەترسییەکانی زۆر خێراتر لە یاسا و ڕێساکان پەرەدەسێنن، ئەمەش بەربەستێکی بێپێشینەی خستووەتە بەردەم داڕێژەرانی سیاستەکان.
تۆڕی هەواڵی CNBC لە زاری بەرپرسانی بانکە ناوەندییەکان و دەستە چاودێرییەکانی ئەوروپاوە بڵاویکردەوە، کە خولی ئامادەکردنی یاساکان چیتر ناتوانێت هاوتای خێرایی داهێنانەکان بڕوات، بەتایبەت لەگەڵ دەرکەوتنی تەکنەلۆژیای نوێی وەک “ژیریی دەستکردی بریکار، ئەم تەکنەلۆژیایە سەرەڕای کردنەوەی ئاسۆیەکی ئابووری فراوان، هاوکات نیگەرانی ئاڵۆز لەسەر سەلامەتی بازاڕەکان و سیستمی دارایی دروست دەکات.
نیخیل ڕاتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی ڕەفتاری دارایی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت کە ئامرازە چاودێرییە نەریتییەکان چیتر بەشی قۆناغەکە ناکەن و پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی دانانی یاساکان و میکانیزمەکانی سەرپەرشتیکردندا بکرێت.
کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا هۆشداری دەدات کە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد ڕەنگە زۆر ئاڵۆزتر بن لە مەترسییە باوەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cybersecurity)، چونکە خێرایی پەرەسەندنی ئەم تەکنەلۆژیایە لە توانای پاراستنی ئێستا گەورەترە.
سارا بریدن، جێگری پارێزگاری بانکی ئینگلتەرا ڕایگەیاندووە، بەکارهێنانی فراوانی ژیریی دەستکرد لە بازاڕە داراییەکاندا دەکرێت لە کاتی تەنگژەکاندا شڵەژان و ناجێگیریی بازاڕ قووڵتر بکاتەوە، و داوای کرد میکانیزمی توند دابنرێت کە سیستمی ڕاگرتنی خۆکارانەی بازرگانی لەخۆبگرێت بۆ ڕێگریکردن لە هەڵەکانی مۆدێلە زیرەکەکان.
سەرباری کێشە یاساییەکان، بۆشایی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لە پێشبڕکێی ژیریی دەستکرددا بەرەو فرەوانبوون دەچێت. وەبەرهێنەران هۆکاری ئەمە بۆ چەند خاڵێک دەگێڕنەوە:
بەرپرسانی ئەوروپی پێیان وایە کیشوەرەکە پێویستە خێراتر وەبەرهێنان بکات و تواناکانی خۆی پەرەپێبدات بۆ پاراستنی سەروەریی تەکنەلۆژیی خۆی، بەڵام بە مەرجێک هاوسەنگییەک بدۆزێتەوە کە ئەم هەنگاوانە نەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی دارایی.

هەواڵی پەیوەندیدار

‎کەشناسی هەرێم پێشبینی باران و هەورە تریشقە بۆ چەند ناوچەیەک دەکات

گوران

هەولێر… سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیرکران

سەڵاح

کۆمپانیای Samsung دوو تایبەتمەندی بۆ Galaxy S25 زیاد کرد

یاسین