حکومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تەکنیکی و دارایی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی خاو، ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی چەند ڕێککەوتننامەیەکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمریکی و قەتەری نیشاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئەنجومەنەکە ڕێگەی بە “کۆمپانیای نەوتی بەسرە” داوە “سەرەتای ڕێککەوتننامەیەک” (Heads of Agreement) و ڕێککەوتننامەی پاراستنی نهێنییەکان (NDA) لەگەڵ کۆنسۆرتیۆمێکدا واژۆ بکات. ئەم کۆنسۆرتیۆمە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی (Capital TI) و (Chevron)ی ئەمریکی و کۆمپانیای (UCC)ی قەتەری لەخۆدەگرێت.
ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە، ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی وردی ئابووری و تەکنیکییە بۆ بەراوردکردنی چەند ڕێڕەوێکی پێشنیارکراوی گواستنەوەی نەوت، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١- ڕێڕەوی (بەسرە – حەدیسە – کەرکوک – جەیهانی تورکی).
٢- ڕێڕەوی (بەسرە – حەدیسە – بانیاسی سوری).
ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم ڕێککەوتننامە سەرەتاییانە هیچ پابەندییەکی دارایی یان گرێبەستیی کۆتایی بۆ سەر وەزارەتی نەوتی عێراق دروست ناکەن و تەنها بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەن.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق کۆمپانیای نەوتی بەسرەی ڕاسپاردووە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیای (KBR)ی ئەمریکی، تایبەت بە پڕۆژەی بۆریی نەوتی (بەسرە – حەدیسە).
ئەم هەنگاوەی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتدایە بۆ فرەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت و زیادکردنی توانای گەیاندنی وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە.

