بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، چەندین گرێبەستی کڕینی چەک بە بەهای دەیان ملیار دۆلار ئاشکرا بکەن. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پیشاندانی پابەندیی وڵاتانی ئەوروپا بە زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان، پێش ئەوەی لە لووتکەیەکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببنەوە.
مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەوروپا خەرجییە بەرگرییەکانیان بە شێوەیەکی “سەرسوڕهێنەر” زیاد کردووە. ئەمەش هەم بەهۆی مەترسییەکانی ڕووسیا دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، و هەم بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ ئەوەی ئەوروپا تێچووی زیاتری بەرگری لەئەستۆ بگرێت. بەگوێرەی ئامارەکان، وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڕی ٥٧٠ ملیار دۆلاریان بۆ بەرگری خەرج کردووە.
لە نێو ئەو گرێبەستانەی چاوەڕوان دەکرێت ڕابگەیەنرێن:
١- هۆڵەندا: ڕاگەیاندنی گرێبەست و پلانی سەربازی بە بەهای زیاتر لە ٣ ملیار یۆرۆ، لەوانە هاوبەشی لەگەڵ بەلجیکا بۆ بەرگریی ئاسمانی و لەگەڵ بەریتانیا بۆ کەشتیی دەریایی.
٢- فڕۆکەی سیخوڕی: ناتۆ بەنیازی کڕینی فڕۆکەی (GlobalEye)ی سویدییە بۆ ئەوەی شوێنی فڕۆکە کۆنەکانی (AWACS)ی ئەمریکی بگرێتەوە.
٣- کەنەدا: گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆ کردووە بۆ دروستکردنی ١٢ ژێردەریایی نوێ.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەگەر هەیە دۆناڵد ترەمپ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕابگەیەنێت کە وڵاتەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە ناو پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-35. تورکیا پێشتر بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری S-400ی ڕووسی، لەو پڕۆگرامە دوورخرابووەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لەم دواییانەدا ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گرتووە، بەتایبەت لەسەر هاوکاری نەکردنی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران. تەنانەت هەڕەشەی کشانەوەی لە هاوپەیمانییەکە یان پشتگوێخستنی ڕێککەوتنامەی بەرگریی هاوبەشی کردووە. ئەوروپییەکانیش نیگەرانن لەوەی ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی لە کیشوەرەکە و کەمکردنەوەی پشتیوانییە سەربازییەکانی.
سەرەڕای گرژییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەندامانی ناتۆ پابەندی خۆیان بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دووپات بکەنەوە و بڕی ٧٠ ملیار یۆرۆ هاوکاری بۆ ئەم ساڵ تەرخان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕووسیا هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر کیێڤ چڕتر کردووەتەوە و ئۆکرانیاش بەدەست کەمیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە دەناڵێنێت.
رۆیتهرز

