ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا شەپۆلێکی تری هەڵکشانی خێرایان بەخۆوە بینی و نزیکبوونەوە لە ئاستی 96 دۆلار، ئەمەش لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەرزبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراوی ئاڵۆزییە سەربازییەکاندا.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕۆژی سێشەممە تاران هێرشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چڕتر کردەوە. ئەم پێشهاتە سەربازییە مەترسیدارانە ترسی پەککەوتنی گشتی لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە قووڵتر کردووەتەوە و بازاڕەکانی تووشی شۆک و نادڵنیایی بێپێشینە کردووە.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بازدانێکی گەورەی تۆمارکرد و گەیشتە 95.94 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (91.91 دۆلار) بە بڕی 4.03 دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە توندی هەڵکشا و ئاستی 88 دۆلاری تێپەڕاند و گەیشتە 88.13 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دواین ئاماری تۆمارکراو (85.06 دۆلار) بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی 3.07 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم بەرزبوونەوە خێرایە نیشانیدەدات کە هۆشیاری و نیگەرانییەکانی بازاڕ بەرامبەر پچڕانی تەوژمی وزە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، و لە کاتێکدا کە هێرشەکان بەردەوامن، بازرگانان بە ترس و وریاییەکی زۆرەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەن کە ئەمەش نرخەکان لەسەر ڕێڕەوی هەڵکشانی زیاتر دەهێڵێتەوە.

