zagros news agency

سوید هەڵمەتێکی هەواڵگریی ڕووسیای پووچەڵ کردەوە

 

دەزگای ئاسایشی سوید (سێپۆ) ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی هەواڵگریی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیای ناسیوەتەوە و ڕێگریی لە کاریگەرییەکانی کردووە. ئامانجی هەڵمەتەکە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی بڕیاردانی سیاسیی سوید و دروستکردنی کاریگەری لە بابەتە ناکۆکەکاندا بووە.
لە بەیاننامەی فەرمیی سێپۆ لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦دا هاتووە، یەکێک لە کەسانی بەشدار لە هەڵمەتەکە کارمەندی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی وڵاتێکی بیانی لە سوید بووە. دەزگای ئاسایشی سوید دەڵێت، ئەفسەرە هەواڵگرییە ڕووسییەکان ئەو کارمەندەیان وەک بریکار ڕاکێشاوە.
کریستۆفەر ڤیدێلین، بەرپرس لە سێپۆ، گوتی مامەڵە لەگەڵ بریکارەکە بە شێوەی نهێنی و بۆ ماوەیەکی درێژ بەڕێوە چووە. دەزگای ئاسایش توانیویەتی کۆبوونەوەکان بە وردی چاودێری بکات. زانیارییە کۆکراوەکان پەیوەندییان بە هەڵوێستە سیاسییەکانی سوید، ناتۆ، یەکێتیی ئەورووپا و پشتگیریی ستۆکهۆڵم بۆ ئۆکرایناوە هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی سوید، دوو ئەفسەری هەواڵگریی ڕووسی کە لەژێر پۆششی دیپلۆماسیدا کاریان دەکرد، لەگەڵ بریکارە بیانییەکە ناچار کراون خاکی سوید بەجێ بهێڵن. بڕیاری دەرکردنیان لەلایەن حکوومەتی سویدەوە دراوە.
گونار سترۆمەر، وەزیری دادپەروەریی سوید، گوتی حکوومەت ڕووداوەکە بە جدی وەردەگرێت. بە گوتەی ئەو، چالاکیی ڕووسیا لە سوید بەشێکە لە ڕێبازێکی درێژخایەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری. سترۆمەر ڕوونی کردەوە، ئەفسەرە ڕووسییەکان نەیانتوانیوە بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیان بگەن. سوید دوای پەیوەستبوونی بە ناتۆ، زیاتر لە پێشوو خۆی بە ئامانجی هەواڵگری و هێرشی سایبەری دەزانێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد

سەڵاح

کەشناسی : شەپۆلێکی باران بارین لەسەر ناوچەکەمان دەست پێدەکات

سەڵاح

ڕێکاری پێویست بە کەیسی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان گیرایە بەر

سەڵاح