ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ئابی ٢٠٢٦ سەردانی دوورگەی ئیتوروپی کرد؛ ئەم دوورگەیە لە زنجیرە دوورگەکانی کوریل لە ژێر بەڕێوەبردنی ڕووسیادایە، بەڵام ژاپۆن بە بەشێک لە «خاکە باکوورییەکانی» خۆی دەیزانێت. توکیۆ سەردانەکەی بە توندی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات زیاتر ئاڵۆز دەکات. ئاژانسەکانی ئاسۆشیتدپرێس و ڕۆیتەرزیش دەڵێن ئەمە یەکەم سەردانی پووتینە بۆ زنجیرە دوورگەکە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا.
پووتین لە ئیتوروپ (لە ژاپۆن بە ناوی «ئێتۆرۆفۆ» ناسراوە)، سەردانی کارگەیەکی بەخێوکردنی ماسی، نەخۆشخانە و قوتابخانەی کرد و لەگەڵ ڤالێری لیمارینکۆ، پارێزگاری ناوچەی ساخالین کۆ بووەوە. کرێملین ئەم سەردانەی وەک بەشێک لە چاودێریکردنی پەرەپێدانی ناوچە ڕووسییەکان وەسف کرد، بەڵام لە توکیۆ وەک نیشانەیەکی سیاسی و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ژاپۆن بینرا.
سانائێ تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، گوتی سەردانەکە «بە تەواوی ناپەسەندە» و زیان بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت. وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنیش جەختی کردەوە ٤ دوورگەی باشووری کوریل (ئیتوروپ، کوناشیر، شیکۆتان و گۆمەڵێک دوورگەی بچووک) لەڕووی مێژوویی و یاسای نێودەوڵەتییەوە خاکی ژاپۆنن.
ناکۆکییەکە بۆ کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە. یەکێتیی سۆڤیەت لە مانگی ئابی ١٩٤٥، لە دوای ڕادەستبوونی ژاپۆن، ئەم دوورگانەی دەست بەسەردا گرت. مۆسکۆ ئەم دۆخە بە بەشێک لە ڕێکخستنەکانی دوای جەنگ دەزانێت، بەڵام توکیۆ پێی وایە ئەو ٤ دوورگەیە بەشێک لە کوریلەکان نین (ئەوانەی ژاپۆن لە ڕێککەوتنی سانفرانسیسکۆدا وازی لێ هێنان). بەهۆی ئەم جیاوازییەوە، ڕووسیا و ژاپۆن هێشتا ڕێککەوتنی ئاشتیی فەرمییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دووەمی جیهانی واژۆ نەکردووە.
ئیتوروپ و دوورگەکانی دەوروبەری تەنیا بەهۆی سەرچاوە ماسییەکانیان گرنگ نین؛ بەڵکوو شوێنیان لە نێوەندی ڕێڕەوە دەریایییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، نزیکییان لە هوکایدۆی ژاپۆن و کاریگەرییان لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئۆقیانووسی ئارام، گرنگییەکی ستراتیژیی پێ بەخشیون. ڕووسیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژێرخانی سەربازی و سیڤیلیی خۆی لە ناوچەکە بەهێز کردووە؛ ژاپۆنیش ئەو هەنگاوانە بە ناجێگیرکردنی دۆخی ناوچەکە دەزانێت.
سەردانی پووتین لە کاتێکدا ڕوویدا کە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و توکیۆ دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ٢٠٢٢ زۆر خراپ بوون. ژاپۆن بە سزادانی ئابووری و پشتیوانیی سیاسی لە ئۆکرانیا بەشداریی کرد؛ ڕووسیاش گفتوگۆکانی ئاشتی و هەندێک پڕۆژەی هاوبەشی ئابووریی لەگەڵ ژاپۆن ڕاگرت.
لە ڕەوشێکی هەرێمیی پڕگرژیدا، سەردانەکە دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی کۆریای باکوور بۆ دەریای ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی کۆریا هات. ئەم دۆخە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەربازی و سیاسیی ڕووسیا و کۆریای باکوور و هەروەها هاوکاریی مۆسکۆ و پەکین، نیگەرانیی توکیۆی لەبارەی ئاسایشی ناوچەکە زیاد کردووە.

