بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بڕیارێکی نوێ و بەپەلەی لەبارەی شێوازی نۆرەگرتنی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی بەنزین دەرکرد و ڕایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێک بەر لە کاتی دیاریکراو سەرە بگرێت، سزای دارایی دەدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە پێش بەنزینخانەکان، شەقامەکان و کۆڵانەکان بە مەبەستی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی بەنزین، ئەگەر ڕۆژێک بەر لە پرۆسەی دابەشکردنەکە بێت (بەتایبەت لە کاتی شەودا)، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
لە بەشێکی تری ئاگادارییەکەدا هاتووە، ئەو شۆفێرانەی پابەندی ڕێنماییەکان نابن، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە تۆمار دەکرێت و سزای دارایی (پێبژاردن)یان بۆ دەنووسرێت.
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی (لۆد) و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە شەقام و کۆڵانەکاندا دەرکراوە. لە کۆتاییشدا داوا لە هاووڵاتیان کراوە هاوکار بن و بە هیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ نۆرەگرتن لە شەقامەکاندا بەجێنەهێڵن.

