zagros news agency

ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو کۆدەبێتەوە؛ پرسی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران تاوتوێ دەکەن

 

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی سەبارەت بە گەیشتنی جەنگی ئێران بە “قۆناغەکانی کۆتایی”، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە هەفتەی داهاتوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ سەرکردەی شاندی وڵاتانی کەنداو بۆ تاوتوێکردنی ڕەوتی جەنگ لەگەڵ ئێران کۆببێتەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە، چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ وڵاتانی کەنداو لە ستراتیژیی قۆناغی پاش جەنگ لەگەڵ ئێران ئاگادار بکاتەوە. لە ئێستاشدا تره‌مپ و تیمی باڵای بەرپرسانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکن بۆ “ڕۆژی دواتر”، کە پێشبینی دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس ئامادە بکرێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ لەگەڵ سەرکردە یان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوێت و عومان) کۆدەبێتەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕۆژی چوارشەممە بانگهێشتنامە سەرەتاییەکانی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئاراستە کردوون.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەگەری هەیە کۆبوونەوەکە فراوانتر بکرێت و سەرکردەی دیکەی عەرەبی و ئیسلامیش بگرێتەوە، لە کاتێکدا کۆشکی سپی ئامادە نەبووە لەسەر ئەم پرسە هیچ لێدوانێک بدات.

قۆناغەکانی کۆتایی جەنگ

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە ترەمپ ڕایگەیاندووە جەنگی ئێران لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و تاران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، هەروەها گوتیشی: «ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. دەبێت ببینین بارودۆخەکە چۆن دەڕوات.»

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس کردبوو، بەڵام هێشتا وردەکاریی هیچ ڕێڕەوێکی دانوستان لەنێوان واشنتن و تاران ڕوون نییە.

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کاتی، بەڵام نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی یەکجارەکی بە ناکۆکییەکان؛ دواتریش ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵدایەوە، بەتایبەت لەسەر پرسی دۆخی گەرووی هورمز و میکانیزمی کردنەوەی بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، کە بەهۆی دابەزینی توندی جووڵەی کەشتییەکان تێیدا، بووەتە یەکێک لە گەورەترین چەقەکانی ئەم جەنگە.

 

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی پێشمەرگە وادەی دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانانی بۆ رۆژی دووشەممە دواخست

سەڵاح

عێراق لە سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا تۆقیوە

سەڵاح

ترەمپ ئاگربەستی دە ڕۆژە‌ی لە لوبنان ڕاگەیاند

یاسین