zagros news agency

پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگای دووسایدی هەولێر.کۆیە 42%ی لێ جێبەجێ کراوە

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی هەولێر-کۆیە بەچڕی بەردەوامە.
ئەم پڕۆژەیە هەولێری پایتەخت بە قەزای کۆیە و لەوێشەوە بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە و ئامانج لێی، گۆڕینی ڕێگایەکی یەکسایدی پڕمەترسییە، بۆ ڕێگایەکی دووسایدی سەردەمیانە و سەلامەت.
درێژیی ئەم ڕێگایە بە هەردوو قۆناغەکەیەوە 48 کیلۆمەترە، کە هەر سایدێکی پێک هاتووە لە 3 ڕێڕەو بە پانیی 12 مەتر.
پڕۆژەکە بە شێوازێکی زانستی و پێشکەوتوو دیزاین کراوە و ژمارەیەک پرد و یەکتربڕی گرنگ لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە 7 ئۆڤەرپاس، 4 ژێرپرد، 2 پرد بە درێژیی 90 مەتر، 1 پرد بە درێژیی 250 مەتر و بەرزیی 42 مەتر، لەگەڵ 2 یەکتربڕی پەپوولەیی و زیاتر لە 180 ئاوبەری سندووقی.
لەڕووی ئەندازیاری و قەبارەی کارکردنەوە، پڕۆژەکە هەنگاوی زۆری بڕیوە؛ تا ئێستا 4 ملیۆن و 800 هەزار مەتر سێجا کاری بڕین و نزیکەی 5 ملیۆن مەتر سێجا کاری پڕکردنەوەی بۆ ئەنجام دراوە.
لە بەشی قیرتاوکردنیشدا، 23 کیلۆمەتری ڕێگاکە قیڕ کراوە و ئێستا کاری ڕاخستنی چینی دووەمی قیڕ بەردەوامە، کە بڕیارە تەواوی ڕێگاکە بە 3 چین قیرتاو بکرێت.
جێگەی باسە، تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە بە دەستی کاری ناوخۆیی بنیاد دەنرێت و تا ئێستا 42٪ـی کارەکانی جێبەجێ کراوە. هەروەها بڕیار دراوە کە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی، کارەکانی پڕۆژەکە کۆتایی پێ بێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.
بە تەواوبوون و کردنەوەی ئەم ڕێگایە، دووری و ماوەی گەشتکردن لە نێوان هەولێر و کۆیە بۆ تەنها 27 خولەک کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ.

هەواڵی پەیوەندیدار

د. ویداد ئاکرەیی پەڕتووکە یاداشتنامەکەی بە زمانی ئیسپانی بڵاوکردەوە

ART

“پەڕتووکی ڕەنگکردن” ناساندنی کولتووری کوردییە بە منداڵانی کورد لە جیهاندا

ART

پرێمەرلیگ.. ئارسناڵ سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێا

یاسین