پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامیی پرۆژەی هێڵکاری و ڕێکخستنی شەقامەکانی ناو شاری هەولێردا، کارەکانی هێڵکاریکردنی شەقامی بازنەیی ٦٠ مەتری دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تیمەکانی ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر لەسەر شەقامە سەرەکییەکان بەردەوامن لە کارکردن، لەو چوارچێوەیەشدا شەقامی بازنەیی ٦٠ مەتری لە هەردوو ئاراستەی (چوون و هاتن) هێڵکاری دەکرێت، هەروەها شوێنی تایبەت بۆ پەڕینەوەی پیادەڕۆیان دەستنیشان و دروست دەکرێت.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، ڕێکخستنی جووڵەی هاتوچۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی شۆفێران و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و پیادەڕۆیانە لە شەقامەکانی پایتەختدا.

