zagros news agency

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرفەتی زەمالەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی کامبریجی بەریتانی ڕادەگەیەنێت

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی نوێی زەمالەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)ی لە یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان بۆ مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان (چ ئەوانەی دامەزراون یاخود دانەمەزراون) ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ئاگادارییەکی وەزارەت، زانکۆی کامبریجی بەریتانی (University of Cambridge) پڕۆگرامی زەمالەی ناسراو بە (Gates Cambridge Scholarship)ی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٧-٢٠٢٨) خستووەتە بەردەست. وەزارەتی خوێندنی باڵا جەخت دەکاتەوە کە تەنها کار لەسەر بەرنامەکانی ماستەر و دکتۆرا دەکات و پرۆسەی پێشکەشکردنیش بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنلاین لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی زەمالەکەوە دەبێت.


مەرج و ڕێنماییەکان بۆ خوازیارانی ماستەر:

  1. ڕەگەزنامە: پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.

  2. ساڵانی خزمەت: ئەگەر پێشکەشکار فەرمانبەر یاخود مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، پێویستە بەلایەنی کەمەوە (٢) ساڵ خزمەتی هەبێت لە دوای بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامەی.

  3. کۆنمرە: نمرەی بەکالۆریۆسی پێشکەشکار نابێت لە ٦٥٪ کەمتر بێت.

  4. هاوبەشیی پسپۆڕی: پێویستە داواکار لە هەمان پسپۆڕیی بەکالۆریۆسەکەی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات.

  5. توانستی زمان: ئاستی زمانی ئینگلیزیی داواکراو بەپێی بەش و بەرنامەکان لە زانکۆکەدا دەگۆڕێت؛ بۆیە پێویستە پێشوەختە مەرجی زمانی تایبەت بە بەشەکە بخوێندرێتەوە.

  6. مۆڵەتی خوێندن و شایستە داراییەکان:

    • کاندیدی سەرکەوتوو (ئەگەر دامەزراو بێت)، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەوە تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت (بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان).

    • خەرجی و تێچووی خوێندن و پشتگیریی دارایی بەتەواوی لەلایەن پڕۆگرامی زەمالەکەی زانکۆی کامبریجەوە دابین دەکرێت.


مەرج و ڕێنماییەکان بۆ خوازیارانی دکتۆرا:

  1. ڕەگەزنامە: پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.

  2. ساڵانی خزمەت: بۆ مامۆستا و فەرمانبەران بەلایەنی کەمەوە (٢) ساڵ خزمەت لە دوای وەرگرتنی دوایین بڕوانامە داوا دەکرێت؛ بەڵام بۆ دەرچووانی “بەرنامەی تواناسازی” مەرجە بەلایەنی کەمەوە (٥) ساڵ خزمەتیان هەبێت.

  3. کۆنمرە: نمرەی ماستەری پێشکەشکار نابێت لە ٧٠٪ کەمتر بێت.

  4. هاوبەشیی پسپۆڕی: پێویستە داواکاریی دکتۆرا لە هەمان بواری بڕوانامەی ماستەر پێشکەش بکرێت.

  5. توانستی زمان: بەپێی ستاندارد و مەرجی ئەو بەشە دەبێت کە خوازیار داواکاریی بۆ دەنێرێت.

  6. مۆڵەت و دابینکردنی دارایی: کاندیدی سەرکەوتووی دامەزراو مۆڵەتی خوێندنی بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان پێدەدرێت، خەرجییەکانی دیکەش لەلایەن زانکۆی کامبریجەوە لە ئەستۆ دەگیرێت.


شێوازی پێشکەشکردن و دوا مۆڵەت:

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشکەشکردن تەنها لە ڕێگەی فەرمیی ماڵپەڕی زەمالەکەوە دەبێت:
🔗 لینکی پێشکەشکردن لە ماڵپەڕی گەیتس کامبریج

  • دوا کات بۆ پێشکەشکردنی داواکاری: ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ (١٤/١٠/٢٠٢٦).

وەزارەت هۆشداری دەدات کە هەر کاندیدێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا نەبێت، لە کۆتاییدا مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت. هەروەها داوا لە خوازیاران دەکات لە کاتی سەرکەوتن و وەرگیرانیان لە زەمالەکەدا، بە مەبەستی کردنەوەی فایلی خوێندن سەردانی وەزارەت و لینکە تایبەتەکانیان بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پێنتاگۆن: بەهۆی جەنگی ئێران چەند ساڵێکمان پێویستە بۆ پڕکردنەوەی جبەخانەکان

یاسین

کارگێڕیی نەوتکێشە دەستبەسەرداگیراوەکەی ئێران: هەموو کارمەندەکان تەندروستییان باشە

یاسین

گواردیۆلا پەشیمانە

یاسین