zagros news agency

حزبی دەعوە داوای بەهێزکردنی سوپا و سەربەخۆیی ئابووریی عێراق دەکات

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، حزبی دەعوەی ئیسلامی رایگەیاند، پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەییی هێزە چەکدارەکان و بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و دارایی هەیە.

حزبەکە لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، گەلی عێراق پابەندبوونی خۆی بە سەروەریی تەواوی وڵات و هەڵوێستەکەیان دووپات دەکەنەوە؛ هەڵوێستێک کە لەگەڵ مێژووی پڕ لە شۆڕش و بەرهەڵستییە قارەمانانەکاندا یەکدەگرێتەوە. بە بۆچوونی حزبەکە، عێراق بە بوێریی رۆڵەکانی هەمیشە بۆ داگیرکارییە بیانییەکان سەخت بووە و گۆڕستانی داگیرکەران بووە.

عێراقییەکان بە شانازییەوە یادی سەروەریی نیشتمانی و تەواوبوونی کشاندنەوەی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2011 دەکەنەوە، کاتێک دوایین سەربازی ئەمریکی عێراقی بەجێهێشت. حزبی دەعوە روونیکردەوە، ئەم رۆژە لە رۆژە پیرۆزەکانی مێژووی عێراقە و گیانی تێکۆشان و بەرگری بە نەوەکان دەبەخشێت.

عێراق سوورە لەسەر دامەزراندنی پەیوەندیی پتەو و هاوسەنگ لەگەڵ هەموو دەوڵەتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی یەکتر و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی هەمووان. پاراستنی سەروەریی نیشتمان پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئامادەییی هەموو جۆرەکانی هێزە چەکدارەکان و ئەو دەزگایانە هەیە کە بەپێی یاسا چەکیان پێیە. هاوکات پێویستە پەلە بکرێت لە پڕچەککردن و دابینکردنی کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ هێزەکان، لە پاڵ ئەوەی ئابووری و دارایی وڵات سەربەخۆ بێت و ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.

حزبی دەعوە رایگەیاند، سیستمی سیاسیی پەرلەمانی و فیدراڵیی دیموکراتی موڵکی هەمووانە بێ جیاوازی و پەراوێزخستن. دەبێت هەموو پێکهاتەکان هاوبەشیی خۆیان لە واقیعی بەڕێوەبردن و بڕیاردان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نیشتمانیدا هەست پێ بکەن. پاراستن و گەشەپێدانی ئەم سیستمە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە.

دیالۆگی نیشتمانی لە نێوان پێکهاتەکان و نوێنەرە سیاسییەکانیان دەبێت ببێتە نەریتێکی سیاسیی جێگیر، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی پاراستنی وڵات و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی و داڕشتنی پەیوەندییەکی نیشتمانیی پتەو بەدی بێت. ئەم پەیمانە نیشتمانییە دەبێت پشتگیریی دەستوور بکات نەک جێگرەوەی بێت.

حزبەکە دووپاتیکردەوە، ئاسایشی عێراق یەکپارچەیە و تیرۆر و داعش بە هەر ناوێک یان شێوازێکی نوێ دەربکەون، مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر هەمووان. ئەم دۆخە پێویست دەکات هەموو پێکهاتەکان لە پشت دامەزراوە ئەمنییەکانەوە ریز ببەستن و هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە هەر شوێنێکی وڵات چڕ بکەنەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دۆخی ئێستای وڵات پاڵپشتیی حکوومەت و راوەستان لەگەڵیدا دەخوازێت بۆ چاکسازی و بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری. پێویستە کارکردن بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەت بەپێی نەخشەی رێگای شایستە سیاسییەکانی لایەنەکان خێرا بکرێت. مەرجەعیەتی باڵای ئایینی جێگەی متمانەی هەموو عێراقییەکانە و دەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، هەمووان کۆی دەنگ کۆببنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

یاسین

پەیاما بەهیداریێ یا سه‌رۆك بارزانی بۆ وەغەرا داویێ یا قنجۆ عبدالجبار ڕێكانی

یاسین

یەکێتیی ئەورووپا داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات

سەڵاح