ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وەک بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریی وڵات، یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە راگرتنی کارکردن بە چەند ماددەیەکی یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراوی، بە نادەستووری ناساند.
دادگای باڵای فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و بە ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرانی ئەندام بەڕێوەچوو. دادگاکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ پێچەوانەبوونی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 لەگەڵ ماددەکانی 110 و 121ـی دووەمی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005 گەڕاندەوە. ئەو یاسایەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە راگرتنی کارکردن بەو ماددانەی یاسای سزادانی عێراق کە تایبەتن بە تاوانەکانی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەت.
بڕیارەکە بەپێی حوکمی ماددەکانی 93 و 94ـی دەستوور و هەروەها ماددەکانی 4 و 5ـی دووەمی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو دەرچووە. دادگاکە جەختیکردەوە، بڕیارەکە یەکلاکەرەوە و پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان و لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە ئاشکرا راگەیەندرا.
پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەسەند کردبوو کە رێگەی دەدا کارکردن بە ژمارەیەک ماددەی یاسای سزادانی عێراق لە هەرێمی کوردستان رابگیرێت. لەو ماددانەدا ماددەی 156 تایبەت بە ئاسایش و سەروەریی دەوڵەت، ماددەکانی 157 تا 189 پەیوەست بە ئاسایشی دەرەکی، ماددەکانی 190 تا 195، ماددەکانی 198 تا 219 پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆیی و هەروەها ماددەکانی 223 تا 225 و ماددەکانی 227 تا 228ـی تایبەت بەو تاوانانەی زیان بە دەسەڵاتی حکوومەتی گشتی دەگەیەنن، جێگیر کرابوون.
پەرلەمانی کوردستان لە راگرتنی ئەو دەقانەدا پشتی بە ماددەی 121ـی دەستووری عێراق بەستبوو. ئەو ماددەیە مافی پیادەکردنی دەسەڵاتە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەکانی بەپێی حوکمەکانی دەستووری فیدراڵی بە هەرێمی کوردستان بەخشیبوو.

