هێرشێکی سایبەری بۆ سەر سیستەمەکانی ساردکەرەوەی سەدان سوپەرمارکێت لە فەڕەنسا، بووە هۆی خراپبوونی بڕێکی زۆر لە خۆراکە تازە و بەستووەکان. ئەم هێرشە، کە ئێوارەی ١٢ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک لە ئەورووپا زیاد کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە ٤٠٠ فرۆشگا کاریگەریی ئەم هێرشەیان لەسەر بووە. هێرشکاران بە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمەکانی ساردکەرەوەی فرۆشگا زنجیرەییەکان لەوانە ئینتەرمارشێ، کارفۆر، لکلێرک و گرووپی هاوبەشی U، سووڕی توانەوەی بەستەڵەکی ئامێرەکانیان چالاک کرد. لە هەندێک حاڵەتدا، پلەی گەرمیی بەفرگرەکانی پڕ لە خۆراک بۆ ماوەی زیاتر لە شەش کاتژمێر گەیشتە ٥٠ پلەی سەدی. فرۆشگا زیانلێکەوتووەکان ڕایانگەیاند ناچار بوون بەرهەمە تازە و بەستووەکانیان فڕێ بدەن.
داواکاری گشتیی پاریس ڕوودانی ئەم هێرشانەی پشتڕاست کردەوە و هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی لە هەندێک فرۆشگادا گوت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا ڕایگەیاند لاوازییەکی ئاسایشی لە نەرمەکاڵایەکی پێشکەشکراو لەلایەن کۆمپانیایەکی دانیمارکییەوە دەستنیشان کراوە. ئاژانسی نیشتمانیی ئاسایشی سایبەریی فەڕەنساش ڕاسپێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم هێرشە.
لە بەلجیکا، لوکسەمبۆرگ و هۆڵەنداش کێشەی ئاسایشی ڕاپۆرت کراوە. کۆمپانیای هۆڵەندیی “ئاهڵد دێڵهایز” بۆ پاراستنی ئامێرەکانی، هەندێک سیستەمی ساردکەرەوەی کاتیی لە کار خستووە؛ بەڵام ئەم کۆمپانیایە گوتی هیچ بەڵگەیەکی نییە کە ئەم کارە پەیوەندیی بە هێرشەکانی فەڕەنساوە هەبێت.
تا ئێستا هیچ کەس یان گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە و ناسنامەی هێرشکاران دیار نییە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە هێرشە سایبەرییەکان بۆ سەر ژێرخانە پیشەسازی و گرنگەکانی ئەورووپا زیاد بووە.
دۆمینیک شێڵشەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی هاوبەشی U، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی ئامانجکردنی ئەو ئامێرانەی کە بۆ پاراستنی بەرهەمە تازەکان و دابینکردنی خۆراکی خەڵک پێویستن، “کردارێکی زۆر جددی و بێ وێنەیە”.
کریستۆف هانسەن، کۆمیساری کشتوکاڵ و خۆراکی یەکێتیی ئەورووپا، ئەم هێرشەی سەرکۆنە کرد و جەختی کردەوە کە ئاسایشی خۆراک دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا گرنگیی زیاتری پێ بدرێت.
حکوومەتی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ دەزگا ئەورووپییەکاندا هاوکاری دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کاریگەریی ئەم هێرشە لەسەر وڵاتانی دیکە.

