ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ـی ئەمریکییان لە جۆری (MQ-1) لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.
سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “کەمێک پێش ئێستا، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری (MQ-1) لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز خستە خوارەوە، ئەمەش بیستەمین فڕۆکەی لەم جۆرەیە کە دەخرێتە خوارەوە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: “ئەم درۆنە چوارەمین فڕۆکەی چاودێری و جەنگیی سەر بە سوپای ئەمریکایە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە تەقەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی خرابێتە خوارەوە.”
هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە “توانا و شارەزاییە ناوخۆییەکان سوود لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی چاودێری و هەواڵگری وەردەگرن و بەردەوامن لە چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.”

