وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، ئاماری کۆتایی هەناردەی نەوت و داهاتە بەدەستهاتووەکانی بۆ مانگی نیسان/ئەپریلی ڕابردوو ڕاگەیاند، ئەمەش بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕی هەناردەی نەوتی خاو، بە چڕکراوەکانیشەوە (المكثفات)، گەیشتووەتە ٩ ملیۆن و ٨٨٤ هەزار و ١٣٠ بەرمیل، بە داهاتێک کە لە ملیارێک و ٨٧ ملیۆن و ٨٢ هەزار دۆلار تێپەڕیبوو.
بەپێی ئامارەکە، هەناردەی نەوتی بەسرە گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار و ٦١٠ بەرمیل، لە کاتێکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە ٣٣٩ هەزار و ٦٤ بەرمیلی تۆمارکردووە.
ئەوەشی زیادکردووە کە هەناردەی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٩٥٧ هەزار و ٤٥٦ بەرمیل.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە مانگییە لە چوارچێوەی ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیدا دێت لەسەر پڕۆسەکانی هەناردەکردنی نەوت و داهاتە بەدەستهاتووەکان.

