ئەمڕۆ دووشەممە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ موسەننا عەلی مەهدی ئەلتەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کۆبووەوە و پرسی پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، لە سەرەتای دیدارەکەدا فارس عیسا بەبۆنەی جەژنی قوربان و دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێی سەرچاوە ئاوییەکانی فیدراڵ، پیرۆزبایی لە موسەننا ئەلتەمیمی کرد.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ باسی ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کارکردنی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و پەرەپێدانی کەرتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، فارس عیسا بانگهێشتی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی فیدراڵی کرد بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و شارەزاییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت لە بواری ئاسایشی ئاو و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، کە وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لەو بوارەدا هەژمار دەکرێن.
هەروەها سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار، بە ئامانجی بتەوکردنی پەیوەندییەکان و تاوتوێکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان.
لای خۆیەوە، موسەننا عەلی مەهدی ئەلتەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، سوپاسی ئەو بانگهێشتەی کرد و ڕایگەیاند، لە زووترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەتەکەی بایەخێکی زۆر بە هەماهەنگیی هاوبەش دەدات لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دۆسیەی ئاوەوە هەیە.

