وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، لێفتینانت جەنەراڵ ئەلێکساندەر چایکۆ، کە پێشتر فەرماندەیی هێزەکانی ڕووسیای لە سووریا کردووە، بە فەرمی وەک سەرۆکی نوێی هێزە ئاسمانییە ڕووسیا دەستبەکار بوو.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، کە دەستبەکاربوونی چایکۆ لەم پۆستە باڵایەدا، بەپێی مەرسوومێکی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بووە کە لە مانگی ڕابردووەوە دەرچووە.
ئەلێکساندەر چایکۆ یەکێکە لە فەرماندە ناسراوەکانی سوپای ڕووسیا و پێشتر چەندین پۆستی هەستیاری هەبووە، لەوانە:
- جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا.
- فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی سەربازیی ڕۆژهەڵات.
- فەرماندەیی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بۆ ماوەی ساڵێک.
چایکۆ سەرپەرشتی ئەو هێزە ڕووسیانەی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەسەر داوای بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەو وڵاتە جێگیرکرابوون. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بەشار ئەسەد دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی لە دیمەشق، پەنای بۆ وڵاتی ڕووسیا بردووە.
هێزە ئاسمانییە فەزاییەکانی ڕووسیا یەکێکە لە پێکهاتە هەرە گرنگەکانی سوپای ئەو وڵاتە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە جەنگەکان و پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی و ستراتیژیی مۆسکۆدا دەگێڕێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز

