ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، هێلیکۆپتەرێکی سەر بە کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی “ئارامکۆ” لە ناوچەی ڕەئس تەنورە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی شانشینی سعوودیە تێکشکا و لە ئەنجامدا ١٤ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.
ڕووداوەکە لە کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە نزیک گەرووی هورمز ڕوویداوە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا هۆکاری تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکە نادیارە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی ئەو کارەساتە دەستپێکردووە.
کۆمپانیای ئارامکۆ تا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر داواکارییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر نەداوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای ئارامکۆ تەنها دوو ڕۆژ لەمەوبەر (ڕۆژی هەینی) دەستی کردبووەوە بە بارکردنی نەوتی خاو لە تێرمیناڵی ڕەئس تەنورە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ کارەکانی لەو تێرمیناڵەدا ڕاگیرابوون.
سعوودیە، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، لەم ماوەیەدا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت و غاز، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران.
رۆیتهرز

